هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنە دوورودرێژەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە، ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە و بەهۆی دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، چەند جارێک دواخرا.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە لە (29ـی شوباتی 2024) تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 405 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگدەرانی لەدایکبووی ساڵی 2006ـەوە کە ژمارەیان 150 هەزار دەنگدەرە. هەروەها تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 350 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.

هەرچەندە کۆمیسیۆن ماوەی نوێکردنەوە و تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تاوەکو (5ـی ئاداری 2024) درێژکردەوە، هاوکات ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند کە لە (5 تاوەکو 14ـی ئاداری 2024) بەردەوام دەبێت.

حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وادەیەی پێشتر دیاریکرابوو لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان دەستپێکرد.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات، ئەم وادەیەش بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دواکەوت.

بەڵام ئەمە یەکەم وادە نەبوو لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاریبکرێت بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی (10ـی تەمموزی 2023) سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و داواى لە كۆميسۆنى کرد ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رۆژەدا، یاخود له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).

پێشتریش لە (24ی شوباتی 2022) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022 واژۆکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا.

میکانیزمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

دوای ئەوەی لە (5ـی ئەیلوولی 2023) ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی پەسەندکرد لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (1)ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، لەوێدا ئاماژە بە بوونی یەک بازنەی هەڵبژاردن دەکات، بۆیە ئەو سیستمە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێویستی بە پێداچوونەوەیە بۆ گۆڕینی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

بەگوێرەی ئەو سیستمە، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت تەمەنی 18 ساڵییان تەواو كردبێت‌ و مەرجە خاوەنی رەگەزنامە یان کارتی نیشتمانی بێت و كارتی بایۆمەتری هەبێت.

لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە، کۆمیسیۆن دیاریکردووە پێش 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە، سوپا، كارمەندانی نەخۆشخانەكان و زیندانەكان ‌و زیندانیان مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە لە کاتژمێر (7:00)ـی بەیانی تاوەکو (6:00)ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

شێوازی هەڵبژاردن وەک لە یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا روونکراوەتەوە، بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.

پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە رێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی لە وێستگەکانی دەنگدان بۆ خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەران، بەڕێوەدەچێت و بەراوردی پەنجەمۆر و خوێندنەوەی "کیو ئار کۆدی"ـی كارتی دەنگدان دەکرێت.

لە سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی کە کۆمیسیۆن پەسەندیکردووە، شێوازی دەنگدان بەشێوەی نهێنی دەبێت و دەنگدەر قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمیسیۆن بۆ مەبەستی دەنگدان دابینی دەکات، بەشێوەی مۆرکردن لەسەر کارتی دەنگدان ژمارەی لیست‌ و كاندید هەڵدەبژێرێت.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سیستمەکەدا ئەوەشی روونکردووەتەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، لەلایەن سەرپەرشتیارانی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانەوە، راپۆرتی ئەنجامەکان چاپ دەکرێت و رادەستی نوێنەری قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکرێت و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەکانی دەنگدانەوە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت‌ و گشتی ئاشکرادەکرێت.

بانگەشەی هەڵبژاردنیش دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.

ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن کە بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات تا هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان، هەروەها خولی هەڵبژاردنیش لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بودجەی هەڵبژاردن

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.

دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا کە تاوەکو ئیستا پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕیوەچووە. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەکەم دانیشتنی لە (6ـی ئابی 2023) لەبارەی ئەو سکاڵایانە ئەنجامدا و دوایین کۆبوونەوەشی لە (21ـی شوباتی2024) بوو، کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند تاوەکو بڕیاری کۆتاییدا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی زیاتری بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە.

رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ گواستنه‌وه‌ی بڕی (43,769,149,000) دینار لە چوارچێوەی بودجەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گواستنەوەی بڕی (25,460,851,000) دینار لە یەدەگی فریاگوزاری لە چوارچێوەی بودجەی ته‌رخانكراوی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە کاتێکدا ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (7ـی حوزەیرانی 2024) کۆتاییدێت دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە درێژکرایەوە کە خۆی لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدەهات. رێگە بەوەشدەدات کە تەمەنی کۆمیسیۆن تاوەکو پەسەندکردنی ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە لەسەر داوای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەو دوو هەڵبژاردنە.

لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 38 پارتی سیاسی کە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و دەتوانن بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکەن.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان لایەنەکان رانەگەیەندراوە، بەڵام لەژێر کاریگەری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەگەری ئەوە هەیە پارتە بچووکەکان ناچاربن هاوپەیمانی ئەنجام بدەن.

هاوکات بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پێشبینی دەکرێت لایەنەکان سیاسییەکانی پێکهاتەکان پێکەوە هاوپەیمانی رابگەیەنن یاخود لەسەر لیستی پارتە گەورەکان، کاندیدەکانی خۆیان هەڵبژێرن.

لە پارتە سیاسییەکانیش کە لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون و چاوەڕێ دەکرێت بە لیستی خۆیان بەشداری بکەن، لەوانە (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، بزووتنەوەی نەوەی نوێ، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان)، لە کاتێکدا لایەنە چەپەکانیش ئەگەری بەشداریکردنیان هەیە بە لیستی هاوبەش، هەروەها لاهور شێخ جەنگیش رایگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و لیستی دەبێت.

هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا کە تاوەکو ئیستا پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕیوەچووە. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە (30ـی ئەیلوولی 2018) بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 59% و لە کۆی 29 لیستی بەشداربوو، 16 لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بە رێژەی جیاواز بەدەستبهێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە 21 کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەت گۆڕان بە 12 کورسی لە پلەی سێیەم هاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنا.

یه‌كه‌مین خولی پەرلەمانی کوردستانیش به‌پێی یاسای ژماره ‌(1)ـی به‌ره‌ی كوردستانی له (19ـی ئایاری 1992) بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی سەد کورسی گشتی و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان.

لە ‌رۆژی (30 كانوونی دووه‌می 2005)، خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا كه ‌هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی بوو كه‌ دوای رووخانی رژێمی بەعس له هەرێمی‌كوردستان و عێراق ئه‌نجام بدرێت و ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد بۆ هەڵبژاردنی سەد و 11 کورسی لە نێوان 13 لیستی هەڵبژاردن، کە لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بە 104 کورسی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەروەها لە رۆژی (25ـی تەمموزی 2009)، پرۆسه‌ی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری 24 لیست بۆ كێبركێ له‌سه‌ر سەد و 11 کورسی بەڕێوەچوو کە 11 لیست توانیان رێژه‌ی یاسایی  به‌ده‌ستبهێنن و لیستی کوردستانی بە بەدەستهێنانی رێژەی زیاتر لە 57%ـی دەنگەکان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە (21ـی ئەیلوولی 2013) بە بەشداری 31 لیست بەڕێوەچوو، کە 17 لیستیان توانییان کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و لیستی پارتی بە 38 کورسی پلەی یەکەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی پلەی دووەم و لیستی یەکێتی بە 18 کورسی لە پلەی سێیەم و لیستی یەکگرتوو بە 10 کورسی لە پلەی چوارەم هاتن.