نەتەوەیەکگرتووەکان: هیوادارین هیچ بەربەستێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستنەبێت

نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق
نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق

K24 – هەولێر:

نەتەوەیەكگرتوەكان پێشوازی لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات و رایگەیاندووە، هیوادارین هیچ بەربەستێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستنەبێتەوە.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) كڵاودیۆ كۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند: بڕیاردرا لە (10ـی حوزەیرانی 2024) رۆژی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان بێت و هیوادارین هیچ بەربەستێكی دیكە نەیەتە پێشەوە.

لەبارەی پاڵپشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، كڵاودیۆ كۆردۆنی ئاماژەی بەوەکردووە: نەتەوەیەكگرتووەكان ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنی پشتگیرییەكانی وەك ئەوەی داوای لێدەكرێت.

هاوکات کونسوڵخانە گشتییەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە دووپاتکردەوە.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

زیاتر بخوێنەوە: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت