هێزێکی زۆری ئەمنی رەوانەی زیقار کراو قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا

K24 – هەولێر

وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری عێراق هێزێکی زۆری ئەمنیی و سەربازییان رەوانەی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق کردووە، بەهۆی شەڕی عەشایەرییەوە لە شارۆچکەی سەلاحەدینی پارێزگاکەش قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا.

بەهۆی ئەو شەڕە چەکدارییە عەشایەرییەی لە شارۆچکەی سەلاحەدینی پارێزگای زیقار تاوەکوو درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بوو، بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژراون، یەکێک لە کوژراوەکان بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگاکەیە بەناوی عەزیز شەلال، گوایە لە کاتی نێوەندگیریی و هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕوپێکدادانەکان بە گولـلەی وێڵ کوژراوە و ژمارەیەکیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

بەهۆی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکە حکومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی لە شارۆچکەی سەلاحەدین دەرکردووە و هێزێکی زۆری سەربازیی و ئەمنیی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان رەوانەی پارێزگاکە کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق کوشتنی بەرپرسەکەی هەواڵگریی و بریندارکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبردووە و راگەیاندووە، هەر کەسێک تۆمەتبار بێت بەو کردەوە تیرۆریستییە بەبێ سزا لە دەستی یاسا دەربازی نابێت.

بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی رەشبگیری دەستیپێکردووە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 75 کەس بە تۆمەتی بەشداربوون لە شەڕە چەکدارییە عەشایەرییەکەی زیقار دەستگیرکراون و هەڵمەتێکی فراوانی دەست بەسەرداگرتنی چەکیش لە سنووری پارێزگاکە دەستی پێکردووە.