قایمقامی هەولێر: هاوکاری زیانپێکەوتووانی بازاڕی لەنگە دەکرێتەوە

بازاڕی لەنگەی هەولێر
بازاڕی لەنگەی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی رۆژی 27ـی شوباتی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و 166 دووكانی كاسبكاران سووتان و رووداوەكە بەبێ زیانی گیانی کۆنترۆڵکرا و قایمقامی هەولێرش رایگەیاند، حکومەت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان هاوکارییان دەکات.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگركەوتنەوتنەوەكە و دەستنیشانكردنی گرفتەكان و دانانی چارەسەر بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە پێكهاتووە و قایمقامی هەولێریش ئاشکرایکردووە: "ئەگەر لایەنی كەمتەرخەم لە رووداوەكەدا هەبێت، رێوشوێنی یاسایی لە بەرانبەردا دەگیرێتە بەر".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە: " لیژنەی پێویست لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگرەكەی بازاڕی لەنگە و خەمڵاندنی زیانەكان پێكهاتووە". هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە: "هیچ شتێكمان بە ناوی قەرەبووەوە نییە، چونكە قەرەبوو رێوشوێنی یاسایی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا كراوە هاوكاری بووە بۆ ئەوانەی لە لافاو و سووتان و رووداوی سرووشتی زیانیان بەركەوتووە؛ بێگومان بۆ ئەو كاسبكارانەش، حكومەت بەپێی توانا هاوكارییان دەكات و زیانیان كەم دەكاتەوە، ئەمە لە كاتی خۆیدا رادەگەیەندرێت".

كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر باسی لەوەکردووە: "بە دوو كاتژمێر و 45 خولەك و بەشداریی 18 تیم توانیمان کۆنترۆڵی ئاگرەکە بكەین، تەواوی هێزی مرۆییمان لە رووداوەكەدا ئامادەبوون کە توانییان 88%ـی بازاڕەكە لە سووتان بپارێزن.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر روونیکردووەتەوە، سیستمی ئاگركوژێنەوەی ئەم بازاڕە كە دروست كراوە، لای ئێمە پەسەندنەكراوە و بە 7-8 خاڵ تێبینیمان لەسەری هەبووە و ئەنجوومەنی ئەم بازاڕە ئاگاداربوون؛ ئەگەر سیستەمەكە كاری كردبا، زیانێكی وای نەدەبوو و ئاگرەکەش باشتر كۆنترۆڵ دەكرا".

لەلایەن خۆیەوە، هاوكار سەعدی، ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختیکردووەتەوە: هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نازانین، بەڵام پێمان وایە شۆرتی كارەبا بووبێت. بازاڕی لەنگە 2400 دووكانی لێیە، 166 دووكان لە رووداوەكەدا سووتاون".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە باسی لەوەشکردووە: تیمی بەرگریی شارستانی چالاكانە بەفریامان كەوتن، شارەوانی و تیمە جۆراوجۆرەكانی حكومەت هاوكارمانن لە پاككردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی بازاڕەكە. ئەوەی ماوە كارەبا، ئاو و بنمیچی بازاڕەكەمان بۆ چاك بكەنەوە، تاوەكو لە ماوەی چەند رۆژێك كاسبكاران بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان. خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەو هاوكارییەیە كە حكومەت پێشكەشی زیانلێكەوتووانی دەكات؛ ئەمەش داواكاریی هەموو كاسبكارانە، چونكە لیژنەی لێكۆڵەر لە هەموو زیانەكانی كۆڵیوەتەوە".