راپەڕین وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

راپەڕین وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان
راپەڕین وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

K24 - هەولێر

33 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌ 5ی ئاداری ساڵی 1991 یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بڵێسەكه‌ی له‌ شاری ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین سه‌ریهه‌ڵدا و، گه‌لی كورد له‌ دژی زوڵم و سته‌مكارییه‌كه‌ی رژێمی پێشووی به‌عس راپه‌ڕی. 

مانگی ئادار بۆ کورد پڕە لە رووداوی جۆراوجۆر، بەڵام رۆژی 5ی ئادار تاوەكو رۆژی نەورۆز واتە 21ی ئادار بۆ دانیشتووانی باشووری كوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌دا لە ساڵی 1991 خەڵك دژی رژێمێك راپەڕین، کە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتێکی تووند و نامرۆڤانەی بەرامبەر به‌ گه‌لی كورد به‌كارده‌هێنا.

بەر لە راپەڕین هاوپەیمانییەتی لایەنەكانی باشووری كوردستان لە بەرەی كوردستانی وایکرد گڕوتینێك بە خەڵك بدات و لە ماوەیەكی كورتدا توانرا زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باشووری كوردستان ئازاد بکرێن.

لە 5ی ئازاری ساڵی 1991، یەکەم نەخشەی راپەڕین داڕێژراو و هەمان رۆژ خەڵك و جەماوەر بە پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان شاری رانیە و دەوروبەریان رزگار كرد و تەواوی دامودەزگا و سەربازگەكانی رژێمی بەعسییان دەست بەسەرداگرت و لەوێوە هەڵمەتی جەماوەر و پێشمەرگە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە.

سەرۆك مەسعود بارزانییش كە لە ساڵی 1988دا پێشبینی گۆڕانكاری گەورەی كردبوو، لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی سیاسی بەرەی كوردستانی، هاوشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان بەشداری رزگاركردنی سەرجەم شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستانی كرد، لە داستانی شەڕی كۆڕێشدا سەرپەرشتی میحوەری شەڕەكەی كرد، كە لە ئەنجامدا رژێم ناچاربوو داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرەی كوردستانی بكات.

راپەڕین بەرهەمی ھەماھەنگی بەرەی کوردستانی و خەڵکی کوردستان بوو، وەرچەرخانێكی مێژوویی لە شۆڕشی تێكۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە بەرھەمەكەی دروستبوونی قەوارەی ھەرێمی كوردستان.

راپەڕین بەرهەمی هاریکاری و ھەماھەنگی حزبەکانی نێو بەرەی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوو، وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شۆڕشی تێكۆشان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە بەرھەمەكەی دروستبوونی قەوارەی ھەرێمی كوردستان. راپەڕین لەرانیە دەستیپێکرد و لە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک لە رۆژی 21ی ئازاری 1991 کە دەکاتە رۆژی نەورۆز کۆتایی پێهات و هەموو باشووری کوردستان لەژێر دەستی حزبی بەعس دەرهێنرا.