چارەنووسی 46 کورسی پەرلەمانی ئێران یەکلایی نەبوونەتەوە

هەڵبژاردنی یەکی ئاداری ئێران (وێنە: AP)
هەڵبژاردنی یەکی ئاداری ئێران (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان 46 کورسی پەرلەمانیی لە هەڵبژاردنەکانی یەکی ئادار لە ئێران لە 14 پارێزگا کەوتووەتە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کەمی رێژەی هەڵبژاردن دەبەستێتەوە بە سەرکەوتنی "یەکگرتوویی هاووڵاتییان لە هەڵمەتی بایکۆت".

دوای بەڕێوەچوونی 12ـەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئێران؛ دەرکەوت رێژەی  بەشداری لە شارە گەورەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، تەنانەت لە هەندێ شار و ناوچە کاندید بە پێنج هەزار دەنگ گەیشتووەتە پەرلەمان.

 لە تاران، لەنێو هەشت ملیۆن دەنگدەردا کە 30 کورسی لەخۆدەگرێت؛ تەنیا 14 کاندید دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و 16 کورسی ئەو شارە کەوتوونەتە خولی دووەمی هەڵبژاردن. لە مەشهەد کە بە یەکێک لە شارەکانی کولتووریی مەزهەبی سەیر دەکرێت تەنیا %14ی دەنگدەرانی، دەنگیان داوە. بە گوێرەی ئامارەکان چارەنووسی 46 کورسی پەرلەمانی یەکلانەبووەتەوە و لە 14 پارێزگا هەڵبژاردن دەکەوێتە خوولی دووەمەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمی رێژەی بەشداریی دەنگدەران، دوورخستنەوەی کاندیدان بە گشتی و کاندیدانی بەرەی "ریفۆرمخوازەکان"ـە بەڕێژەی دوو ئەوەندە. بەجۆرێک تەنیا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان لە نێوان 510 کاندید تەنیا 144 کەس مافی خۆپاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستن پەسەندکراوە.

هاوکات ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، رێژەی بەرزی بایکۆت بە سەرکەوتنێکی مێژووی وەسف دەکات و، رایدەگەیەنێت، یەکگرتوویی بێ وێنە لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردندا وایکرد خەڵکی ئێران گەورەترین نافرمانی لە مێژوودا تۆمار بکەن.

هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک ئاشکرای دەکات، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئێران لە تاران کەمتر لە %10 بووە و لە تێکڕای ئێران لە %30 بووە، بەڵام دوای درێژکردنەوەی وادەی دەنگدان لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا، هۆشداری دراوەتە خەڵک کە ئەگەر بەشداری لەهەڵبژاردندا نەکەن، لە کارکردن لە دامەزراوە حکومییەکان و، وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن لە زانکۆکاندا بێبەش دەبن.

هەروەها میدیاکانی ئێران رایدەگەیەنن، جگە لە باڵی پارێزگارە توندڕەوەکان، لایەنەکانی دیکە و هاووڵاتییان بەگشتی ئومێدیان بە گۆڕانکاری نەماوە، چونکە رۆڵی پەرلەمانیی لە ئاستیی پیشەیی خۆی دابەزیوە و ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ حکومەت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بکات؛ بەڵکوو پەرلەمان بووەتە جێبەجێکاری ئەجێندای چەندین دەستەی ناهەڵبژێردراو و نادەستووری  وەک "ئەنجوومەنی باڵای رۆشنبیری" و ئەنجوومەنی باڵا بۆ فەزای ئەلیکترۆنی و، ئەنجوومەنی هاریکاری کە دەسەڵاتەکانی یاسادان و دادوەری و جێبەجێکردن هەماهەنگ دەکات.

هاوکات بەگوێرەی راپرسییەک کە پەیمانگەی واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک بڵاویکردووەتەوە، لە %73ی ئێرانییەکان داوا دەکەن دین لە دەوڵەت جیابکرێتەوە.