پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە پێدانی فرۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەکەین

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن

K24 – واشنتن:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاشکرایکرد، پشتیوانی لە پێدانی فرۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەکەن، ئاماژەی بەوەدا، ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە (5ـی ئاداری 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" سەبارەت بە پێدانی فرۆکەی ئێف 16 بە تورکیا وەڵامی په‌یامنێری کوردستان 24ـی دایەوە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: هیچ زانیارییەکی نوێ نییە پێتان رابگەیێنم، پێشتر گوێتان لێبووە گوتوومانە، ئێمە پشتیوانی لە پێدانی فڕۆکەی ئێف شازدە بۆ تورکیا دەکەین.

ناوبراو گوتیشی: ئەمە پڕۆسەیەکە پەیوەندی بە کۆنگرێسەوە هەیە، بێگومان هەر کاتێک زانیاری نوێ هەبوو پێتان رادەگەیێنین.

رۆژی (25ـی کانووی دووەمی 2024) جۆو بایدن ،سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردبوو، کە تێیدا داوا کردبوو بەزووترین کات فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە تورکیا پەسەند بکەن و چیتر پرۆسەکە دوانەخرێت.

بایدن لە نامەکەیدا جیا لە کۆنگرێس، کۆمپانیای لۆکهید مارتنیشی ئاگادارکردبووەوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بە تورکیا دەست پێبکات، ئەمەش بەرامبەرە بە رازی بوونی تورکیا لە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، بایدن لە نامەکەیدا داوای لە کۆماریی و دیموکراتەکانی کۆنگرێس و بە تایبەتیش لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس کردبوو هەرچی زووە گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا پەسەند بکەن، کە بەهای گرێبەستەکە 20 ملیار دۆلارە، کە فرۆشتن و پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوە لە خۆدەگرێت.

ئەم نامەیەی بایدنیش بۆ کۆنگرێس لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 23ـی مانگی یەکی ئەمساڵ، پەرلەمانی تورکیا بە 287 دەنگی بەڵێ ئەندامییەتی سویدی لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند کرد.