نەتانیاهۆ: رێگە بە موسڵمانان دەدەین بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا لە رەمەزاندا

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێگە بە موسڵمانان دەدرێت بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا لە هەفتەی یەکەمی مانگی رەمەزاندا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئاداری 2024، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێگە بە موسڵمانان دەدرێت بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا لە هەفتەی یەکەمی مانگی رەمەزاندا، بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک وەک ساڵانی رابردوو.

لای خۆیەوە، ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی توندڕەوی ئیسرائیل رایگەیاند، پێموایە ئەم  گوتەی ناتانیاهۆ سەبارەت بە مزگەوتی ئەقسا "هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە و وێنەی سەرکەوتن بە حەماس دەبەخشێت".

لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی نەتانیاهۆ بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتووە، "بڕیاردرا دوای کۆبوونەوەی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە بەشداریی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە هەفتەی یەکەمی مانگی رەمەزاندا رێگە بە موسڵمانان بدرێت بچنە ناو "مزگەوتی ئەقسا"ەوە، وەک ساڵانی پێشوو".

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشدا، "هەموو هەفتەیەک دۆخەکە لەڕووی ئەمنی و سەلامەتییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، بڕیارەکەش بەو شێوە دەبێت کە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە." راشیگەیاند، "رەمەزان بۆ موسڵمانان پیرۆزە، و پیرۆزی بۆنەکەش بەم شێوەیە دەپارێزرێت، وەک هەموو ساڵێک."

لە بەرامبەردا بن گڤیر لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند، "بڕیاری رێگەدان بە چوونە ناو "مزگەوتی ئەقسا" لە مانگی رەمەزاندا، وەک ساڵانی رابردوو، بە پێچەوانەی هەڵوێستی من و پۆلیسە، ئەوە نیشان دەدات سەرۆک وەزیران نەتانیاهۆ و کابینە بچووکەکە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی، پێیان وایە کە هیچ شتێک رووی نەداوە. مەبەست لێی "7ـی ئۆکتۆبەر."ە

لێژنەی بەدواداچوونی عەرەب هۆشداری دابوو لە نیازی حکومەتی ئیسرائیل بۆ "قبووڵکردنی داواکارییەکانی بن گڤیر بۆ سەپاندنی سنووردارکردن بۆ چوونە ژوورەوەی موسڵمانە فەڵەستینیەکان لە ناوخۆ و قودسەوە، بۆ مزگەوتی پیرۆزی ئەقسا لە مانگی رەمەزاندا."

بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان لەمیانی ئەو گفتوگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیانداوە، پشتڕاستیان کردەو، "ئەگەر لە مانگی رەمەزاندا رێگری لە عەرەبە ئیسرائیلییەکان بکرێت کە ناسنامەی شینیان هەیە بچنە ناو "جبل الهیکل"، کە مەبەست لێی "مزگەوتی ئەقسا"یە، ئەوا رەنگە ئەمە ببێتە هۆی نائارامییەکی بەرفراوان لە نێوانیاندا".