حوسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی

کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس کارنی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور
کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس کارنی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، چەند هێرشێکی مووشەکیی و درۆنی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنیان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتی جەنگی ‌هێزەکانیان تێکشکاندووە. بە پێچەوانەشەوە حوسییەکان رایدەگەیەنن دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکییان پێکاوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا کە بە (سێنتکۆم) ناسراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە (5ی ئاداری 2024) لە کاتژمێر سێ تاوەکوو کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی سەنعای پایتەختی یەمەن، هێزەکانیان مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتیی و سێ درۆنییان تێکشکاندووە، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارە حوسییەکان ئاراستەی کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس کارنی کرابوون، بەڵام هێرشی چەکدارە حوسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات هیچ زیانێکی بە کەشتییەکە نەگەیاندووە.

فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە ئۆپراسیۆنێکدا هێزەکانیان سێ مووشەکی دژە کەشتیی و سێ بەلەمی بێ سەرنشینیان لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی چەکدارە حوسییەکان تێکشکاندووە، کە مەترسیی  و هەڕەشەبوون بۆ سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییان.

هەروەها سێنتکۆم جەختی لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانیان لە دەریای سوور کردووەتەوە بۆ پارێزگاری لەو کەشتییە بازرگانیانەی بەو دەریایە تێدەپەڕن.

لەلایەن خۆیانەوە گرووپی ئەنساڕوڵڵا، کە باڵە سەربازییەکەی حوسییەکانی یەمەنن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووە، بە مووشەک و درۆن دوو کەشتی جەنگی سوپای ئەمەریکایان لە دەریای سوور پێکاوە.

هەروەها هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیان کردووە و رایگەیاندووە، هێزەکانیان لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستینی بەردەوام دەبێت و لە فراوانکردنی سنووری هێرشەکانیش دوو دڵ نین، هەربۆیە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە و گەمارۆکانی سەر گەلی فەڵەستین کۆتاییان دێت.