هەنگاریا: ناتۆ پابەندە بەوەی دەستوەردان لەشەڕی ئۆکرانیا نەکات

ناتۆ
ناتۆ

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا رایگەیاند، ناتۆ پابەندە بەوەی دەستوەردان لە شەڕ و ململانێی ئۆکرانیا نەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئاداری 2024، پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دووپاتی کردەوە کە ناتۆ پابەندە بەو بڕیارەی کە دەستوەردان لە شەڕ و ململانێی ئۆکرانیانەکات. هەروەها ئەڵمانیا و فەرەنساش، هیچ داوایان نەکردووە بەم بڕیارەدا بچێتەوە.

بە گوتەی سیارتۆ: "کەس پرسیاری لەم بڕیارە نەکرد، کە دوو ساڵ لەمەوبەر درا، کە باس لەوە دەکات ناتۆ لایەنێکی ململانێکان نییە".

سیارتۆ ئاماژەی بەوەشدا کە "دەبێت پابەندی ئەم بڕیارە بین، چونکە بە کۆی دەنگ بڕیارەکە دراوە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کەس ناڕەزایی بەرامبەری نەبووە، نە ئەڵمانییەکان و نە فەرەنسییەکان داوای دووبارە سەیرکردنەوە یاخود پێداچوونەوەیان نەکردووە".

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا زیاتر لە چەند بۆنەیەکدا رایگەیاندووە کە فەرەنسا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ رێگریکردن لە رووسیا لە "سەرکەوتنی ئەم شەڕە".

هەروەها بە گوتەی ناوبراو، سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا باسیان لە ئەگەری ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆدەنگییەک نەگەیشتووە.