وەزیری پەروەردە: پشکی هەرێمی کوردستان هەمواربکرێتەوە مامۆستایانی وانەبێژ دادەمەزرێنین

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەست، چاوەڕێی هەموارکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستانن لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 06-03-2024، بە ئامادەبوونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی قەزای بەردەڕەش، دوو قوتابخانەی 12 پۆلی لە سنووری قەزاکە بە رووی قوتابییاندا کرانەوە.

وەزیری پەروەردە: تێچووێ هەردوو قوتابخانەکە زیاتر لە یەک ملیار دینار بووە

 وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، ئەو دوو قوتابخانە 12 پۆلییەی ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەش کرانەوە، بە گوژمەی یەک ملیار و شەش ملیۆن دینار دروستکراون و لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک گوژمەکە دابینکراوە.

وەزیری پەروەردە گوتی، "دەمەوێت بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بکەم کە بەڕاستی زۆر لە خەمی کەرتی پەروەردەیە. کاتێک بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دادەنرێت، پارێزگاری دهۆک خەمی دروستکردنی قوتابخانەی نوێیەتی لە سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆک".

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، "وەکو وەزارەتی پەروەردە خزمەتکردنی قەزای بەردەڕەش بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین. بە گەڕانەوە بۆ هەموو داتا و ئامارەکان، ئەوەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی رابردوودا بۆ کەرتی پەروەردەی قەزای بەردەڕەش کراوە، تۆمارێکی نوێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەگەر ئەم ئامارانە بەراوردی بکەیت بە رابردوو، بەڵام کەرتی پەروەردە لەم قەزایە هێشتا پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە. بەڵێنیش دەدەین وەکو وەزارەتی پەروەردە و پارێزگای دهۆک، خزمەتێکی زیاتری کەرتی پەروەردە لە قەزای بەردەڕەش بکەین".  

بە گوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، "ئێستا کاری نۆژەنکردنەوە بۆ 40 قوتابخانەی دیکە لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەکرێت و، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابخانەی سنووری ئەم قەزایە نۆژەنبکرێنەوە و درێخی ناکەین".

دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ

لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی هەشتی رابردوو رەزامەندی دابوو کە مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەی پێویستە کاری (دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست) بۆ بکرێت. داوای کرد ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی دابنیشین و رایسپاردین کۆنووسێک ئامادەبکەین. کۆنووسەکەشمان ئامادەکرد، بەڵام بەداخەوە داوتر ئەو مامەڵەی حکومەتی فیدراڵیی لەگەڵ پشکی هەرێمی کوردستان بەسەردا هات."

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، هەڵوێستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەگۆڕاوە، "بەڵام چاوەڕێ دەکەین پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی هەمواربکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کات کاری بەگرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ و خزمەتی هەموو مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان بکەین. هەڵبەتە چاومان زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک دەبێت".