بازرگانێکی عەرەب: عێراق بووەتە وڵاتێک بۆ هەڵتەکاندنی گیرفانی بازرگان و سەرمایەداران

"عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی نوێی یاسادانانە"
حەسەن عەبدوڵڵا ئیسمێک سەرۆکی ئەنجومەنی ئیداری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ماریا - ئیمارات
حەسەن عەبدوڵڵا ئیسمێک سەرۆکی ئەنجومەنی ئیداری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ماریا - ئیمارات

K24- هەولێر

سەرمایەدارێکی کوەیتی نیشتەجێی ئیمارات، رەخنە لە سیستەمی سیاسیی و یاسایی عێراق دەگرێت و دەڵێ: عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا لە زۆر پرۆسەی دیموکراسیی و گۆڕانکاریدا پێشەنگ بوو، بەڵام ئێستا بووەتە وڵاتێک بۆ هەڵتەکاندنی گیرفانی بازرگانان و سەرمایەداران، هەربۆیە بازرگانە عێراقییەکانیش متمانەیان نەماوە و لە دەرەوەی وڵاتەکەیان کاری وەبەرهێنان دەکەن.

حەسەن عەبدوڵڵا ئیسمێک سەرۆکی ئەنجومەنی ئیداری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ماریا لە ئیمارات، کە جیا لە وڵاتانی عەرەبی، لە ئەڵمانیاش پرۆژەی وەبەرهێنانی لە کەرتی وەرزشیدا کردووە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە ناوی "پۆدکاستی یاری بازرگانی" دەڵێ؛ عێراق وڵاتێکی گەورە و خاوەن دانیشتوانێکی چڕە و یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، ئێستاش لەگەڵ ئەوەی بەرەو بەرهەمهێنانی غازو بەرهەمە پێترۆ کیمیاییەکان هەنگاو دەنێت، پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەش هەیە، هەربۆیە زۆریی و فراوانی دەرفەتەکان سەرنجی راکێشاوم بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، بە تایبەت لە کەرتی خانووبەرە و پیشەسازی، بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگەی پرسیارە ئایا هەروەک چۆن کرانەوەی سعوودیە بۆ وەبەرهێنان ئاسانە، ئایا بەمجۆرە روو لە عێراق ئاسانە، ئایا عێراق وەک وڵاتانی دیکە بۆ کاری وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەرگای کراوەیە.

ئەو سەرمایەدارە عەرەبە دەشڵێت؛ لە کاری وەبەرهێناندا بازرگان و بەرهێنەران لە عێراقدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، لەوانە دەبێت هاوبەشێکی عێراقیت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت لە سێکتەرەکاندا پرۆژەت هەبێت، جگە لەمەش وەرگرتنی ڤێزای شێنگن زۆر ئاسانترە لەوەی بچیتە باڵیۆزخانەی عێراق و رێکارەکانی گەشتێک بۆ عێراق ببڕیت، بۆیە عێراق پێچەوانەی وڵاتانە لە کرانەوە بەرووی وەبەرهێنانی دەرەکی.

حەسەن عەبدوڵڵا ئیسمێک ئاماژەیداوە، حکومەتی ئێستا بەرەو ئاوەدانکردنەوە هەنگاو دەنێت و دەزانێت چی دەوێت، راستە لە بەشێک رێگەو بان و پردەکان ئاوەدانکردنەوە کراوە، بەڵام خزمەتگوزاریی و گۆڕانکاری سەرەکیی و بنەڕەتی پێویستە، نەک خزمەتگوزاری رووکەشی، لەوانە پەرەپێدانی یاسادانانە، چونکە دۆخی سیاسیی و یاسادانان لە عێراق رێکخراو نییە و ئەو یاسایانەشی هەن کۆنن و بۆ پەنجاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێننەوە، هەربۆیە خزمەتێکی تەواو بە راکێشانی وەبەرهێنەرانی دەرەکی ناکەن، لێرەدا عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی کارای دەرکردنی یاسای نوێ هەیە.

بۆ ئەمەش ئیمارات بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ؛ لە ساڵی 2023دا ئیمارات بەو پەڕی لەخۆ دڵنیابوونەوە هەموو ئاستەنگ و بەربەستە یاساییەکانی نەهێشت بۆ راکیشانی وەبەرهێنانی دەرەکی، ئیتر پێویست ناکات هیچ هاووڵاتیی یان بازرگانێکی ئیماراتی بکەیتە هاوبەشی پرۆژەی وەبەرهێنان.

ئیسمێک رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێ و رایدەگەیەنێت، لە عێراق کاتژمێر شەشی ئێوارە فڕۆکەخانە دادەخرێت و رۆژانە تەنیا دوو فڕۆکە گەشتیان هەیە، نیوەی خەڵکی عێراق لە دەرەوەی خێزان و وڵاتەکەیان لە ئیستەنبۆڵ، دەوحە و دوبەیی و چەند شار و وڵاتێکی دیکە دەژین، ئەمەش چەندین ملیار دۆلاری لە سەرمایەی عێراق بردووەتە دەرەوە و خەڵکەکە خۆشەویستیان بۆ خاک و نیشتمانەکەیان نەماوە، هۆکارەکەشی ئەو هەموو ئاستەنگ و بێ یاسایەیە لەو وڵاتە هەیە.

دەشڵێت: لە عێراق کاتێک تەندەری جێبەجێکردنی پرۆژەیەک واژۆ دەکەیت، دواتر دەیبینت چەند هاوبەشێکت هەیە، یەکێک کێشەکانی وەزارەتی دارایی، یەکێکی دیکە کێشەی وەزارەتی پیشەسازی و هاوبەشێکی دیکە کێشەیەکی تر چارەسەر دەکات، دواجار بازرگان سەرمایەکەی هەمووی لەدەست دەردەهێنرێت، هەربۆیە سەیرە بازرگان و وەبەرهێنەران لە وڵاتێکی عەرەبی رابکێشرێن و سەرمایەکەی لێوەرگیرێت و دواتر بە زەرەرو لەدەستدانی تەواوی پارەکەی بە دەستی بەتاڵ لەو وڵاتە دەربكرێت، ئەمەش وایکردووە زۆربەی بازرگان و سەرمایەدارەکانی عێراقی پارەو سەرمایەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵاتەکەیان بۆ وەبەرهێنان، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە وڵاتەکەیان نەماوە.

لە درێژەی قسەکانیدا حەسەن عەبدوڵڵا ئیسمێک دەڵێت؛ لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا عێراق لە زۆر پرس و پرۆسەدا پێشەنگبووە، یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ دیموکراسی گۆڕی، بۆیە دەتوانێت ئەم دۆخەش بگۆڕێت، بەڵام سەرەتا دەبێت دروشمی عێراقی بوون بەرز بکاتەوە و دەستی حزب و هێزە سیاسییەکان لە دەستوەردانە کارورباری حوکمڕانی دوور بخاتەوە، چونکە سیاسییەکانی عێراق بەرژەوەندی کەسی خۆیان دەوێت، نەک بەرژوەندی گشتی عێراق و وڵاتەکەیان.