7 سزای قورس بەسەر یانەی كۆیەدا سەپێنرا

دارا محەمەد راهێنەری خاك ڕادەكات و دەیەوێت خۆی لە چنگی پەلاماردەران رزگار بكات. 1/3/2024 ـ یاریگەی كۆیە
دارا محەمەد راهێنەری خاك ڕادەكات و دەیەوێت خۆی لە چنگی پەلاماردەران رزگار بكات. 1/3/2024 ـ یاریگەی كۆیە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی یارییەكەی كۆیە و خاك لە خولی پلەیەكی كوردستان زنجیرەیەك سزای قورسی دەركرد، ئەندامێكی فیدراسیۆنەكە بەشێوەیەكی كاتی سڕ كرا و چەندان سزای دیكەی قورسیش بەسەر یانەی كۆیەدا سەپێنرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانی سەبارە بە كێشە و رووداوەكانی یاریی نێوان كۆیە و خاك لە گەڕی 14ـی خولی پلەیەكی كوردستان كۆمەڵێك سزای قورسی لە دژی یانەی كۆیە راگەیاند.
یەكەم: بە هۆی تێوەگڵانی لە ڕووداوەکانی دوای یاری و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی یانەی خاک لە سەر ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان (کرێکار زرار) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری کۆیە بڕیاردرا بە هەڵپەساردنی ئەندامیەتی (کرێکار زرار) تاوەکو کێشەکەی لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە.
دووەم: ڕاگرتنی ڕاهێنەری یانەی کۆیە (زرار کرێکار) بۆ ماوەی 3 وەرز لە سەرجەم کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، پێبژاردنی بە بڕی 2000000 دوو ملیۆن دینار.
سێیەم: ڕاگرتنی یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی کۆیە (ڕێکار کرێکار) بۆ ماوەی 1 وەرز لە سەرجەم کار و چالاکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، پێبژاردنی بە بڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.
چوارەم: ڕاگرتنی گۆڵپارێزی یانەی کۆیە (ئاکار ئەکرەم) بۆ سێ یاری، پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.
پێنجەم: بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بڕیار درا بە ڕاگرتنی یاریزان (ساڵح جومعە) یاریزانی یانەی کۆیە و (پێشەنگ شۆڕش) چارەسەرکاری تیپی تۆپی پێی یانەکە و (ڕێکار حەسەن) کارگوزاری یانەی کۆیە بۆ 2 یاری و پێبژاردنیان بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.
شەشەم: (سەرکار کرێکار) لە سەرجەم بۆنە و کار و چالاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ هەتاهەتایە.
حەوتەم: کەمکردنەوەی 7 خاڵ لە کۆی گشتی خاڵەکانی وەرزی داهاتووی یانەی کۆیە، واتە بە -7 خاڵ دەست بەخول دەکات و سەرجەم یارییەکانی وەرزی داهاتوو (2024 ـ 2025) لە درەوەی یاریگای خۆی دەبێت بێ ئامادەبوونی هاندەر، لەگەڵ پێبژاردنیان بەبڕی 5000000 پێنج ملیۆن دینار.

لە گەڕی 14ـی خولی پلەیەكی تۆپی پێی كوردستان لە یاریی نێوان كۆیە و خاك كە یارییەكە لە یاریگەی كۆیە لە رۆژی 1ـی سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو، یارییەكە بە یەكسانبوون بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، لە دوای یارییەكە گرژی و شەڕ و ئاژاوە روویداو و پەلاماری دارا محەمەد راهێنەری خاك و چەند ئەندامێكی دیكەی یانەی خاك درا.

.