سام دارمۆ: پێویستە کورد و ئاشوورییەکان هاوبەشێکی ستراتیژی دروست بکەن و مافەکانی خۆیان بپارێزن

سام دارمۆ، دامەزرێنەری رێكخراوی  دادپەروەری بۆ  ئاشوورییەكان
سام دارمۆ، دامەزرێنەری رێكخراوی  دادپەروەری بۆ  ئاشوورییەكان

K24 - هەولێر:

دامەزرێنەری رێكخراوی  دادپەروەری بۆ ئاشوورییەكان، دەڵێت: دادگای فیدراڵی لەژێر دەستی ئێرانە و، تاکە شوێن کە لەژێر هەژموونی ئێراندا نەبێت هەولێر و دهۆکە.

سام دارمۆ، دامەزرێنەری رێكخراوی  دادپەروەری بۆ  ئاشوورییەكان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "شانازی ئەوەم پێبەخشرا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن کۆببمەوە، هاوکات هەڵوێستەکانمان روونە دژی بڕیاری ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراقین لەبارەی کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

دامەزرێنەری رێكخراوی دادپەروەری بۆ ئاشوورییەكان، راشیگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دژی دەوەستینەوە، "ئێمە مێژوو و قوربانییەکی زۆرمان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە، چەندین جار دژی حکومەتەکانی عێراق وەستاوینەتەوە بۆ ئەوەی مافەکانی خۆمان بپارێزین".

سام دارمۆ، ئاماژەی بەوەدا، ئێران لە پشت بڕیاری دادگای فیدراڵییوەیە، تاکە شوێن لە ژێر هەژموونی ئێراندا نەبێت هەولێر و دهۆکە.

دامەزرێنەری رێكخراوی دادپەروەری بۆ ئاشوورییەكان، دەڵێت: "زیاتر لە 110 ساڵە لەگەڵ کورد مێژووی هاوبەشمان هەیە، هاوبەشێکی ستراتیژیمان هەبوو بۆ دروستکردنی کۆنفیدڕاڵییەک بۆ کورد و ئەرمەنییەکان".

سام دارمۆ، گوتیشی: پێویستە کورد و ئاشوورییەکان هاوبەشێکی ستراتیژی دروست بکەن بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان بپارێزن.