ئەمڕۆ ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانییە

راپەڕینی خەڵکی سلێمانی
راپەڕینی خەڵکی سلێمانی

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی راپەڕینی شاری سلێمانییە. لە 07ـی ئادار خەڵکی شارەکە دژی ستەم و زۆرداری رژێمی پێشوو وەستانەوە و، لە رۆژی دواتر  بەر لە ئازادکردنی تەواوی شارەکە گوتاری بەرەی کوردستانی لە شارەکە خوێندرایەوە.

یەکەم فیشەکی راپەڕینی ساڵی 1991 لە سلێمانی، رۆژی 07ـی ئادار لە سەرچنار تەقێنرا. وەکو بەشداربووانی راپەڕین باسی دەکەن، لەو رۆژەدا ئەگەرچی هێشتا دەنگی تەقە دەبیسترا و، شار بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکرابوو، گوتاری سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی لە شارەکەدا خوێندرایەوە و، خەڵکێکی زۆر گردبوونه‌وه‌؛ پێشمەرگەکان چەک و بەرگی شاخیان هەر لەبەردابوو، دایکانیش وێنەی کوڕە شەهیدەکانیان بەدەستەوە گرتبوو و،سروودی ئەی شەهیدان-یان دەگوتەوە.

بە درێژایی ساڵانی سەدەی رابردوو، سلێمانی شارێکە، تێنووییەتی لێی ناشکێ و، هەر کوچە و کۆڵانێکی پەنجەمۆری بەگژداچوونەوەی زۆردارێکی پێوە دیارە.

ئەگەر چاوخشانێک بە مێژووی 100 ساڵی رابردووی شارەکەدا بکەین، هەست بە دڵگەرمی و، نیشتمانپەروەری شاریانی شارەکە دەکرێت.

دوای بەدیلگرتن و دوورخستنەوەی شێخ مەحموود، لەژێر گوشاری خەڵکی نیشتمانپەروەری سلێمانی لە 30 ئەیلوولی 1922 شێخ مەحموود دەگاتەوە شارەکە و، لە 10ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا شانشینێك لە سلێمانی رادەگەیەنێت. خۆیشی وەک "شا"ی کوردستان دەناسێنێت،  بەڵام دوای روخانی حکومڕانییەتەکەی بەهۆی دژایەتیکردنی ئینگلیزەکان، دەبێتەوە بەرەی پشتیوانیکردنی بەرەی راپەڕین دژی داگیرکاری.

یەکێک لە گرنگترین راپەڕینەکانی شاری سلێمانی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 94 ساڵ لەمەوبەر کاتێک گەنجان و لاوانی شارەکە لەمانگی ئابی ساڵی 1930 "هەیئەی وەتەن"یان دامەزراند کە داوای سەربەخۆییان بۆ کوردستان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی داواکانیان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەهەند وەرنەگیرا، لە 6ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ لە بەردەرکی سەرا خۆپێشاندانێکی فراوانیان دەستپێکرد کە بە راپەڕینەکەی بەردەرکی سەرا ناسراوە. لە ئەنجامی ئەو راپەڕینەدا رووبەڕووبونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و سوپای ئینگلیز و سوپای رژێمی پاشایەتی روویدا.

عەلائەددین سەجادی لە کتێبی‌ مێژووی‌ شۆڕشەکانی‌ کورددا دەنووسێت لەو پێکدادانەدا زیاتر لە 25 کەس شەهیدبوون و، 35 کەس برینداربوون و، 300 کەسی دیکە بەدیلگیران. یه‌كه‌مجار بوو له‌ مێژووی‌ شارێكی‌  باشووری کوردستاندا خۆپیشاندان رووبدات ‌و خه‌ڵكی‌ بڕژێنه‌ سه‌رجاده‌‌ و داواکاری‌ مافی‌ نەتەوەیی‌ و سیاسیان هه‌بێت. لە گرنگترین جیاکەرەوەکانی ئەم راپەڕینە لەگەڵ راپەڕینەکانی پێش خۆیدا:

یەکەم: لە جیاتی شێخ و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگە گەورەکان، ڕۆشنبیران، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابییان و پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگانەکان، سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکەیان دەکرد.

دووەم: بەر لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی، رێکاری سیاسی ئاشتییانە و شێوازی دبلۆماسیانە تاقیکرایەوە، وەک خۆپیشاندان، مانگرتن، نووسین و یاداشت و داواکردنی گفتوگۆ.

سێیەم: لە نێو ئەو یاداشتانەی بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرزکرانەوە، ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی بۆ داواکردنی مافەکانی کورد، یاداشتەکەی حەپسەخانی نەقیب نموونەی ئەو ڕاستیەیە.

چوارەم: لە جیاتی ناوچە شاخاوییە سەختەکان، ئەمجارە ناوەندی شارەکان قوتابخانە و شەقام و دامودەزگا حکومییەکان کرانە ناوەندی چالاکی شۆرشگێرانە و ڕاپەڕین.

یەکێکی دیکە لە هەڵوێستە نیشتمانپەروەرەکانی سلێمانی، کاتی راگواستنی بارزانییەکان بوو بۆ ئەو شارە لە ساڵی 1943. هاووڵاتییانی شارەکە دەرگای ماڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی خێزانە بارزانییەکان دەخەنە سەرپشت، هەروەها لە 9ـی حوزەیرانی ساڵی 1963 لە حامیەی سلێمانی زیاتر لە 150 کەس شەهید بوون، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون بێڕێزی بە سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان مەلا مسته‌فا بارزانی بکەن.