بۆ یەکەمجار هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان قوربانی لێدەکەوێتەوە

کەشتی بار هەڵگری لیبیریا
کەشتی بار هەڵگری لیبیریا

K24 - هەولێر

فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، حوسییەکان بە موشەکى بالیستى کەشتییەکیان لە کەنداوى عەدەن کردە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، تیرۆریستە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە موشەکێکی بالیستی جۆری(ASBM) هێرشیان کردە سەر کەشتی "M/V True Confidence" کە کەشتییەکی بار هەڵگری لیبیریا بووە، بەکەنداوی عەدەن دا تێپەڕیووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، مووشەکەکان بەر کەشتییە بازرگانییەکە کەوتووە و تیمەکانی لیبیریا باس لە کوژرانی سێ کەشتییوان و بریندار بوونی چوار کەسی دەکەن، گوتیشی، "باری تەندروستی سێ کەسیان ناجێگیرە"، زیانێکی زۆریش بەر کەشتییەکە کەوتووە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا گوتیشی: "کەشتییە جەنگییەکانی هاوپەیمانان وەڵامیان داوەتەوە و دۆخەکەش هەڵدەسەنگێنن".

دەشڵێت: "لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، حوسییەکان دووکەشتی بازرگانییان بەم جۆرە مووشەکانەی ASBMوە کردووەتە ئامانج.

سێنتکۆم ئاماژەشیدا، هێرشى حوسییەکان بازرگانی جیهانی پەکخستووە لەو ناوچەیەدا.