وەزیری دەرەوەی چین شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە شەرمەزاریی ناودەبات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی، شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە "شەرمەزاری بۆ سەر شارستانییەت" ناوبردووە، دەشڵێت: پەکین داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەکین گوتی: "ئەم کارەساتە مرۆییە شەرمەزارییە بۆ شارستانیەت، ئەمڕۆ لەسەدەی بیست و یەکدا ناتوانرێت ئەوکارەساتە بوەستێنرێت".

وانگ یی ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ هۆکارێک نییە کە بتوانێت رەوایەتی بدات بە بەردەوامی ململانێکان"، جەختیشی کردەوە: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ ئاگربەست، هەروەها وەستاندنی شەڕەکە بکاتە کاری لە پێشینەی".

وەزیری دەرەوەی چین راشیگەیاند، "دڵنیابوون لە هاوکاری مرۆیی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەپەلەیە".

دەشڵێت: "ئێمە پشتگیری لە فەڵەستین دەکەین کە ببێتە ئەندامێکی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "کارەساتەکەی غەززە جارێکی دیکە ئەو راستییەی بیر جیهان خستەوە کە چیتر ناتوانرێت داگیرکردنی خاکەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێ بخرێت.

 گوتیشی: ئیتر ناتوانرێت دوور بخرێتەوە لە خواستی چاوەڕوانکراوی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەو نادادپەروەرییە مێژووییەی کە گەلی فەڵەستین تووشی بووە، ناتوانرێت بۆ چەندین نەوە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی راست بکرێتەوە.

 پەکین لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە غەززە کردووە.

شی جینپینگ سەرۆکی چین، داوای کردبوو "کۆنفرانسی ئاشتی نێودەوڵەتی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێوەبچێت.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل زیاتر لە 1200 کەس کوژران و 240 کەسیش بە بارمتە گیران، کە زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و بەچڕی بۆردومانی کرد، کە تاوەکو ئێستا 30 هەزار717 کەس کوژراون و هەروەها 72 هەزار و 156 کەسی دیکەش برینداربوون.