پارێزگاری دهۆک: هەموو هەفتەیەک یان پڕۆژە دەکەینەوە یان بەردی بناغەیان بۆ دادەنێین

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک خەڵکی پارێزگاکەی دڵنیا دەکاتەوە، "لەمەودوا هەموو هەفتەیەک یان پڕۆژە دەکەینەوە یان بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەک دادەنێین". دەشڵێت، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زیاتر لە هەموومان لە خەمی پارێزگای دهۆکدایە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-03-2024، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ شەش وێستگەی گەڕۆکی کارەبا لە سنووری پارێزگای دهۆک کرانەوە.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و گوتی، "دڵنیایی دەدەمە خەڵکی خۆمان لە دهۆک لەمەودوا هەموو هەفتەیەک یان هەندێک پڕۆژە دەکرێنەوە یان بەردی بناغە بۆ هەندێک پڕۆژەی دیکە لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی لە سنووری هەموو قەزا و ناحیەکان دادەنێین".

بە گوتەی د. عەلی تەتەر، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرێک لەو کێش و گرفتانەی پێشتر لە سنووری پارێزگای دهۆک هەبوون، چارەسەرکردوون". لەبارەی دۆخی کارەباش رایگەیاند، "ئەو پڕۆژانەی (لە بواری کارەبادا) لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەنجامدراون، وایانکردووە کارەبا بە دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە، هانمان دەدات و هەندێک جار خۆیشی پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی زۆرێک لە کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و چەند پڕۆژەیەکیش ئەنجام بدرێن. زیاتر لە هەموومان لە خەمی پارێزگای دهۆکدایە".

"هاووڵاتییانی دهۆک سوودێکی زۆر لە پڕۆژەکە دەبینن"

د. کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 9 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواوبوون. وەکو خۆی گوتی، "هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک سوودێکی زۆر لەم پڕۆژەیە دەبینن بەتایبەت لە بواری دابەشکردنی کارەبا. هاوکات ئەو بارگرانییەی لەسەر وێستگەکانی کارەبای دهۆک هەبووە کەمدەبێتەوە و کێشەی دابەزینی ڤۆڵتیش چارەسەر دەبێت".

بە گوتەی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرەوپێشچوونێکی باش لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە غازی ماڵان، نەوتی سپی و بەنزین هەبووە. لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆرینەی کێشەی هاووڵاتییان لە سنووری ئەم پارێزگایە چارەسەرکراون، هەندێکی دیکەشیان پێویستییان بە کات هەیە".