مەلا بەختیار: دادگای فیدراڵی دەیەوێت پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کۆتایی پێبێت

مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری هەرێمی کوردستان
مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سیاسەتمەدارێکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی مەترسیدارن و، ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن، کە دادگاکە دەیەوێت پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کۆتایی پێ بهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی ئاداری 2024) مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دەیەوێت دەوڵەتێکی مەرکەزی و مەزهەبی دروست بکات.

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەشکرد، دادگاکە گەر مەبەستی جێبەجێکردنی دەستوور بوایە دەیان ساڵە بڕیاری لەسەر ماددەی 140 دەدا، بەڵام ئاماژەکان روونن کە خواستی تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن بەغدا بەردەوامی هەیە.

مەلا بەختیار، گوتی: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی مەترسیدارن و، ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن، کە دادگاکە دەیەوێت پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کۆتایی پێبێت.

دادگای فیدڕاڵی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە 7 ساڵدا چەندین بڕیاری دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەرکردووە.

لە ساڵی 2005 کە عێراق لە قۆناغی حوکمڕانی راگوزەر بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی وەزاری پێش نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقی فیدڕاڵ دروستبوو.

بەگوێرەی ماددەی 92ـی دەستوور، دادگاکە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو بازنەی دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکەوە، کەچی بە بڕیارە سەپێندراوەکانی لە دژایەتیکردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوامە و بە ئاشكرا پێشێلی ده‌ستووری وڵاتی دەکات.