پێشبینی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکرێت

ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی هەنگاوێک دەکات بۆ رێگری لە بەکارهێنانی چەکی دروستکراوی ئەمەریکی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئەگەری هێرشکردنی سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری مارتن ئێندیک، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، "ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر رەفەح بەبێ دەستەبەرکردنی پارێزگارییەکی پێویست بۆ دانیشتوانی شارەکە و ئەو ئاوارانەی روویان لە رەفەح کردووە، دوور نییە قەیران و دۆخێکی پێشبینی نەکراو و بێ پێشێنە لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل رووبدات".

ئەو دیبلۆماتکارە ئەمەریکییە دەشڵێت: "ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی واشنتن و تەلئەڤیق دوور نییە، هاوکاریی و پشتیوانە لۆجستییەکانی چەکیش بگرێتەوە".

لەلایەکی دیکەوە نووسەری ناسراوی ئەمەریکی، داڤید ئیغنیاتۆس لە ستوونێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی "سەرۆک جۆو بایدن و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا، هیچ مەرجێکیان بە ئیسرائیل نەداوە، لەسەر بەکارنەهێنانی ئەو چەکانەی پێشکەشی سوپای ئیسرائیلیان کردووە".

هەروەها ئاماژەیداوە، بێ ئومێدییەکی زۆر لەلایەن کۆشکی سپی بەرانبەر بە هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ هەیە، بایدن گەیشتووەتە ئەو بڕوایە، ئیسرائیل ئیتر گوێ بە هۆشداریی و ئامۆژگارییەکانی ئەمەریکا نادات، هەروەها ئیدارەی بایدن بڕوایوایە بە تێچووێکی زۆری سیاسیی لە ئاستی ناوخۆو دەرەوە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات، کەچی ناتانیاهۆ گوێ بە داواکارییەکانی ئەمەریکا نادات.

دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی ئاگربەست لە دانووستانەکانی قاهیر، کە ئەمەریکا پێشنیازی کردبوو، پێش مانگی رەمەزان ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لە نێوان ئسیرائیل و حەماس رابگەیەنرێت، بەڵام بێ ئەنجامبوو، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر شاری رەفەح وەک دوا مۆڵگەی چەکدارانی حەماس، لە کاتێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە روویان لەو شارە کردووە، کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر.