سەرۆکوەزیرانی سوید: ئەندامبوون لە ناتۆ بەردەوامیدانە بە پاراستنی سەقامگیریی سوید

ناتۆ
ناتۆ

K24 - هەولێر:

ئۆلف کریستێرسن سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند، بەفەرمی بەڵگەنامەی بوون بە ئەندامی ناتۆی رادەستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە. هاوكات گوتیشی: "ئەندامبوون لە ناتۆ بەردەوامیدانە بە پاراستنی سەقامگیریی سوید".

راشیگەیاند، ئێستا سوید لەرابردوو بەهێزترە، چونکە هاوپەیمانی رۆژئاوایی هەیە و پارێزگاری لێدەکەن.

ئۆلف کریستێرسن هه‌روه‌ها گوتی: هەرچەندە وڵاتێکی بچووکین، بەڵام لەجیهان بەباشی تێدەگەین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێمانوایە ئەندامبوون لە ناتۆ بەردەوامیدانە بە پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی چەند دەیەکە هەمانە.

دوای دوو ساڵ دانوستان، دوێنێ پێنجشەممە، سوید بە فەرمی بووه‌ 32مین ئەندامی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".

رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاڵای سوید لەبەردەم بارەگای ناتۆ لە برۆکسل هەڵدەکرێت.

هەفتەی رابردوو رووسیا بەڵێنیدا "رێوشوێنی دژ" لە بەرامبەر بە ئەندامبوونی ستۆکهۆڵم بگرێتە بەر، کە پەیوەستە بە بارودۆخ و رادەی تێکەڵبوونی سوید لەگەڵ ناتۆ.

ئەندامێتی سوید دوای بە ئەندامبوونی فینلاند هات لە ساڵی رابردوودا، بەمەش هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریای باڵتیک جگە لە رووسیا، ئێستا هەموویان ئەندامی ناتۆن.

هەرچەندە سوید و فینلاند بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یەکێتی ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە لە ئەمەریکا نزیکن، بەڵام لە رووی مێژووییەوە پێیان باشتر بووە لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دوور بکەونەوە کە لە سەردەمی شەڕی سارد دژی یەکێتی سۆڤیەت پێکهێنرا.

سوید بەشداری لە هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام لە دوای ململانێی لەگەڵ نەرویج لە ساڵی 1814 دا تاكو ئێستا تووشی شەڕ نەبووە.

هێلسنکی و ستۆکهۆڵم لە یەک کاتدا کاندیدبوونی خۆیان بۆ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییە لە ساڵی 2022دا راگەیاند، ئەمەش دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هات.

لە کاتێکدا فینلاند لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە کرد.

ڕاپرسییەکی بۆچوون کە ڕۆژی هەینی لەلایەن ڕادیۆی ئێس ئاڕەوە ئەنجامدراوە، ئاشکرای کردووە کە زۆرینەی سویدییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان “قوربانییەکی زۆر گەورەی” داوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی سەربازی، بەڵام دان بەوەدا دەنێن ئاسایشی سوید بەم هەنگاوە بەهێزتر ده‌بێت.

جگە لە کاندیدکردنی بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ، سوید لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتنێکی واژۆکرد کە ڕێگەی بە ئەمەریکا 17 بنکەی سەربازی لەسەر خاکەکەی دابمەزرێنێت.