گوڵاڵه سدیق‌: ئافره‌تانی كورد له‌ مێژوودا‌ هاوكێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان گۆڕیوه‌

گوڵاڵه سدیق‌، شاره‌زای دارایی و ئابووری
گوڵاڵه سدیق‌، شاره‌زای دارایی و ئابووری

K24 - هەولێر:

شاره‌زایه‌كی دارایی و ئابووری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئافره‌تانی كورد له‌ مێژوودا توانیویانه‌ هاوكێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگۆڕن. ده‌شڵێت، كولتوور رێگره‌ له‌وه‌ی ئافره‌تان ببه‌نه‌ خاوه‌نی ئابووری و بازرگانی گه‌وره‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 8ـی ئاداری 2024) گوڵاڵه سدیق‌، شاره‌زای دارایی و ئابووری تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئافره‌تانی كورد له‌ مێژوودا توانیویانه‌ هاوكێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگۆڕن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ و ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ هاوكێشه‌ ئابوورییه‌كان بگۆڕن.

گوڵاڵه سدیق‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، چه‌ندین ئافره‌ت له‌ ئێستادا خاوه‌نی پڕۆژه‌ی بچووكی بازرگانین، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی بازرگانی و ئابووری.

ئه‌و خانمه‌ شاره‌زایه‌ی دارایی و ئابووری روونیشیكرده‌وه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی تا ئێستا كه‌ ئافره‌ت نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ كاراكته‌ر و رۆڵگێڕی ئابووری، په‌یوه‌ندی به‌ كولتووره‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ پیاوان نه‌یانتوانیوه‌ پاره‌ و سه‌رمایه‌كانیان بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی ئافره‌تان.

ساڵانە لە ھەرێمی كوردستان لە رۆژی 8ـی مارس، كه‌ رۆژی جیهانیی ئافره‌تانه‌، ئافرەتان چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، بەشێك لە رێكخراوەكانی ئافرەتان و شارەزایانی بواری كۆمەڵایەتی پێیان وایە بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری لە رێگەی ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار بۆ كۆمەڵگەی كوردی پێویستە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی باش بۆ كێشە و پرسی ژنان ھەبێت.