ئێوارەی رۆژی یەکشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریدەکرێت

چاودێریکردنی بینینی مانگ لە گردی گڵەزەرد لە سلێمانی - وێنە: کوردستان24
چاودێریکردنی بینینی مانگ لە گردی گڵەزەرد لە سلێمانی - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

وابڕیارە رۆژی یەکشەممە (10ـی ئاداری 2024) لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ، چاودێری بینینی مانگ بکەن لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئاداری 2024) دادگای باڵا لە سعوودیە داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی ئاداری 2024) چاودێری بینینی مانگ بکەن بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز.

هاوکات لە سەرجەم وڵاتە ئیسلامییەکان کە بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و جەژنەکانی رەمەزان و قوربان پشت بە بیننی مانگ بە چاو دەبەستن، داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە چاودێری بینینی مانگ بکەن و دەسەڵاتدارانی ناوچەکانیان ئاگاداربکەنەوە.

پێش چەند رۆژێک، نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجعی گەورەی شیعەکان لە عێراق خشتەی کاتی بانگ و رۆژووشکاندنی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەوەکراوە، رۆژی سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە و پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە پێوەی پابەند دەبن.

بەگوێرەی رۆژمێری ساڵانامەی کۆچی، رۆژی یەکشەممە دەکاتە 29ـی مانگی شەعبان و ئەگەر ئێوارەی ئەو رۆژە مانگ ببینرێت ئەوا رۆژی دووشەممە (11ـی ئاداری 2024) دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، ئەگەر مانگی شەعبانیش 30 رۆژبێت و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە مانگ نەبینرێت، ئەوا رۆژی سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) مانگی رەمەزان دەستپێدەکات.

لەلایەن خۆیەوە لوقمان حەوێز، ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "بەپێی داتا گەردوونییەکان زۆر بە وردی مانگی شەعبان لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی رۆژی (10ـی ئاداری 2024) تەواودەبێت، واتە ئەوکاتە دەستپێکی مانگێکی نوێی کۆچییە و ئێوارەی رۆژی دواتر هیلالی یەک شەوەی مانگی رەمەزان دەبینرێت و رۆژی (11ـی ئاداری 2024) دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان".

ساڵانە بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات چاودێری بینینی مانگ بکەن و ئەو پرۆسەیەش سەر لە ئێوارەی کۆتاییەکانی مانگی کۆچی دەستپێدەکات و تا دوای نوێژی مەغریب، لیژنەکە بە راگەیەندراوێکی فەرمی بڕیاری کۆتایی دەدات.

ساڵانی رابردووش، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز و جەژنەکان، لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق، هاوشێوە بووە، بەڵام پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە رۆژێک دواتریان دیاریکردووە.