کامەران خۆشناو: دابینکردنی کارەبا بۆ فەرمانگەکانی حکومەت لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەستیپێکردووە

ئەندازیار کامەران خۆشناو
ئەندازیار کامەران خۆشناو

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بۆ فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە خەرجییەکی زۆر لە بەکارهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە و سوودیشی بۆ پاراستنی ژینگە هەیە.

رۆژی هەینی (8ـی ئاداری 2024) ئەندازیار کامەران خۆشناو، سەرۆکی لیژنەی دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بۆ فەرمانگەکانی حکومەت لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمی کارەبا و کەمکردنەوەی دەردراوە کاربۆنییەکان کە راستەخۆ کاریگەری لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگە هەیە.

کامەران خۆشناو روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پرۆسەیەدا چەند هەنگاوێک لە پێش حکومەتی عێراقەوەیە، لە کاتێکدا بەغدا ئێستا لە قۆناغی کۆکردنەوەی داتا و رووپێویکردن و ئامادەکردنی دەرخستەکانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

لە بارەی ئەو فەرمانگانەی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکەن، کامەران خۆشناو باسی لەوەکرد، وەزارەتی کارەبا لەلای خۆیەوە ئەو پرۆسەیەی دەستپێکردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش جێبەجێ دەکرێت و وەک قۆنا‌غی تاقیکاریش لە وەزارەتی پەروەردە لە 11 قوتابخانە لە کۆی 72 قوتابخانە لە پرۆسەی تەندەرینگدایە.

بەپێی شرۆڤەکاران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، پێشخستن و هاندانی وزە نوێبووەکان بە تایبەتی وزەی خۆر یەکێکە لە کارە هەرە پێشینەییەکان بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەوپێیەش بوارێکی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی عێراق دەکرێتەوەو خەریکە گەشە دەکات لە دەبێتە بازارێکی نوێی.

پەرەپێدانی وزەی خۆر جگە لەوەی دەتوانێت کە کورتهێنانی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە، هاوکات خزمەت بە ئامانجە ژینگەییەکانی عێراق و نەتەوەیەکگرتووکانیش دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق ژینگەی وەبەرهێنان لەبار نیە بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبای سۆلار. بۆ نموونە لە بودجەی عێراقدا، تەنیا 200 ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ پرۆژەی سۆلار.

شارەزایانی وزە نوێبووەکان دەڵێن بانکی ناوەندی عێراق دەبێت دەستپێشخەری بکات و رێگە بە بانکە بازرگانییەکان بدات و پارە دارییان بکات بۆ ئەوەی قەرز بدەنە ئەو خاوەنکارانەی کە بەنیازن کارەبای سۆلار بەرهەمبهێنن.

لە ئاستی تاکەکسیشدا پێویستە بانکەکان قەرز بە هاووڵاتیان بدەن بەوپێیەی کە خەرجی دانان و دامەزراندنی سیستمێکی سۆلار بۆ هاووڵاتییان لە نێوان سێ هەزار تاوەکو 20 هەزار دۆلارە کە بۆ زۆر کەس لە چینی ناوەڕاست بە تێچوویەکی بەرز دادەنرێت.

2023 بە ساڵێکی گرینگ بۆ وزە نوێبووەکان هەژماردەکرێت، لەو ساڵەدا کارایی پانێلە هەتاوییەکان لە 15% وە بەرزکرایەوە بۆ 30% و لەو ساڵەدا نزیکەی 400 هەزار مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەمهات. سەبارەت بە وزەی با، لە 2023ـدا کارەبای 80 ملیۆن خێزانیش لەرێگەی وزەی باوە دابینکرا. هەروەها لەسەر ئاستی جیهان لە هەر پێنج ئۆتۆمبێل کە فرۆشراوە یەکێکیان کارەبایی بووە و ئەمانە هەموو بە دەستکەوتی گرنگ لە بواری وزە نوێبووەکان لە 2023 دا هەژماردەکرێن.