سێنتکۆم: دوو مووشەکی حوسییەکانمان لەیەمەن کردووەتە ئامانج

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، رایگەیاند، سوپای ئەمەریکا دوو مووشەکی دژە کەشتی کە لەسەر بارهەڵگرەکانی حوسییەکان دانرابوون کردە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە، 9-3-2024، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، دوای بە ئامانج گرتنی ئەو دوو مووشەکەی حوسییەکان، لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە، دواتر حوسییەکان دوو مووشەکیان لە کەنداوی عەدەن ئاراستەی کەشتیی M/V Propel Fortune کە هی سەنگافورەیە بەڵام نەیانتوانیوە لێی بدەن و هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی گیانی نەبووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەلامەتتر کردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەگیرێنەبەر.

گرووپی "ئەنساروڵڵا" کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور دەکاتە ئامانج کە خاوەندارێتییان بۆ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە و کاڵا دەگوازنەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێوە بەڕێوە دەبرێت، هەروەها حوسییەکانیش وەک پشتیوانییەک لە گەلی فەڵەستین لە غەززە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان.

پێشتریش فڕۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی زۆریان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن کە لەژێر دەستی حوسییەکاندان.

هەروەها حوسییەکان پێشتر رایگەیاندبوو، بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکان یان ئەوانەی بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن بە ئامانجی فشارخستنە بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە.