هەولێر.. ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی کەوتووەتەوە

ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە هەولێر کەوتووەتەوە
ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە هەولێر کەوتووەتەوە

K24 - هەولێر

لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر، ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی کەوتووەتەوە و هیچ زیانی گیانی نەبووە.

لە کاتژمێر 06:57 خوولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، 09-03-2024، ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر، لە نزیک شەقامی 120 مەتریی کەوتووەتەوە و تا ئێستا بە تەواوەتی کۆنترۆڵ نەکراوە.

نوێنەرێکی ئەو کۆمپانیایەی ئاگر لە کۆگاکەیان کەوتووەتەوە، بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و هەموو لایەک سەلامەتن. ئەوەی هەبووە تەنها زیانی ماددی بووە کە بە سەرووی هەشت ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت".

نوێنەری ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا نزیکەی 10 بۆ 12 تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. ئەوەشی خستەڕوو، "دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکەین کە زوو فریامان کەوتن".

وەکو خۆی باسی کرد، بە هەزاران دۆلار سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیان لە کۆگاکەدا جێگیرکردبوو و شەش مانگ جارێک تێستیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەوکاتەوەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە، سیستەمەکە ئیشی نەکردووە.

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، توانیویانە سەدا 80ـی ئاگرەکە کۆنتڕۆل بکەن و هەوڵدەدەن لە ماوەیەکی کەمدا ئەوەی ماوەتەوە کۆنتڕۆڵ بکەن. گوتیشی، "ئێستا ئێمە لە قۆناغی داپۆشین و ساردکردنەوەداین".

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 27 ی شوباتی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و 166 دووكانی كاسبكاران سووتان و ڕووداوەكە بەبێ زیانی گیانی بەری پێ گیرا.