ئوردن و ئەمەریکا لەسەر ‌هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە روونکردنەوە دەدەن

قوربانییەکانی برسێتی لە غەززە لە زیادبوونە و زۆرینەیان منداڵن
دیمەنی هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە ئاسمانی غەززە - وێنە AFP
دیمەنی هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە ئاسمانی غەززە - وێنە AFP

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان پێنج هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەیش برینداربوون. ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخی مرۆیی زیاتر بەرەو خراپی دەچێت و برسێتی زیاتر تەنگ بە دانیشتوانی کەرتی غەززە هەڵدەچنێت و گیان لەدەستدان بەهۆی برسێتی لە زیادبوونە.

لە بارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی ئاسمانەوە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) ئەو هەواڵ و راپۆرتانە رەتدەکاتەوە گوایە بەهۆی هەڵدانە خوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە ژمارەیەک خەڵک لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا بێت.

سێنتکۆم لە پێگەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیوتی " ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە باس لە قوربانی بوونی خەڵکی مەدەنی دەکەن بەهۆی هەڵدانە خوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی ئەو کەسانە دەردەبڕین کە گیانیان لەدەستداوە".

هەروەها رەتیدەکاتەوە گیان لەدەستدانی خەڵکی بە هۆی هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییەکان بێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ناوەندی ئاسایش نیشتمانیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ئوردن رایگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا هێزی ئاسمانی ئوردن، ئەمەریکا، میسر، فەرەنسا ، بەلجیکا و هۆڵەندا، نۆ گەڕی ‌هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکانیان لە ئاسمانی غەززە ئەنجامداوە، لە نێویاندا چوار فڕۆکەی جۆری C130 سەر بە هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن بەشداربوون.

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، ئەو کێشە تەکنیکییەی لە نەبوونەوەی پەڕەشووتی هاوکارییەکان لە کاتی هەڵدانەخوارەوە روویداوە لە فڕۆکەکانی ئوردن نەبوون.

هەروەها رایگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا هێزی ئاسمانی ئوردن لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماس، تاوەکوو ئێستا 33 ئۆپراسیۆنی هەڵدانەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی لە غەززە جێبەجێکردووە، 28 ئۆپراسیۆنی دیکەشی بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتان ئەنجامداوە.

دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بە سەر شەڕی غەززە، هۆشدارییەکان لە سەر مردن بەهۆی برسێتی و قەیرانی خۆراک زیاتر بووە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیی و رێکخراوی خۆراکی جیهانیی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئاستی هۆشدارییەکانیان لە کەرتی غەززە بەرزکردووتەوە.

لەبارەی خراپی دۆخی نەخۆشخانەکان و تەندروستی منداڵانەوە، ئەحمەد شاعر، یاریدەدەری سەرۆکی یەکەی چاودێری چڕ لە بەشی لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی ئیماراتی رایگەیاندووە، نزیکەی 16 منداڵی نەبەکام لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەهۆی کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان گیانیان لە دەستداوە.

هاوکات سێ منداڵی دیکەش بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوەو بەمەش ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کەرتی غەززە تاوەکوو ئێستا لە براسان گیان لەدەستداوە گەیشتە 23 منداڵ، کە زۆربەیان تەمەنیان لە ژێر 15 ساڵانە و یەکێکیش لە قوربانییەکان پیاوێکی 72 ساڵەیە.

155 رۆژ بەسەر شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێدەپەڕێت، بەگوێرەی ئامارەکان لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار و 878 کەس فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 72 هەزارو 402 کەسی دیکەیش برینداربوون، کە بەشی زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتانن.