سوپای ئەمەریکا خستنەخوارەوەی 15 درۆنی راگەیاند

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم

K24 – هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن 15 درۆنی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنیان تێکشاندووە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتوانی دەکرێن.

سێنتکۆم بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە (9ی ئاداری 2024) کەشتیی و فڕۆکە جەنگیی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە توانیویانە 15 درۆنی چەکدارانی حوسیی یەمەن تێکشکێنن، کە بە نیازی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئاراستە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنیان کردبوون.

سێنتکۆم رایگەیاندووە، ئەو هێرشە فراوانەی چەکدارە حوسییەکان هەڕەشەیەکی راستەخۆ و مەترسیدارە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هێزی دەریای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

پێشتریش هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە رایگەیاندبوو، دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتی حوسییەکانیان تێکشکاندووە، کە هەڵیاندابوو تاوەکوو لە دەریای عەدەن کەشتییەکی سینگاپور بپێکنن.

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو پاش هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بە ناوی پشتیوانیکردن لە حەماس و خەڵکی غەززە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور چڕکردووەتەوە و دەڵێن، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوانیش لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەردەوام دەبێت.