وەزیری پەروەردە: پڕۆژەی ستراتیژیی راهێنان گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایان، شێوازی وانەگوتنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن دەباتە پێشەوە و گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 09-03-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێوەچوونی یەکەمین دیداری پەروەردەیی لە راپەڕین لە گوتارێکدا باسی لە پڕۆژەی ستراتیژیی راهێنانی وەزارەتەکەی کرد و رایگەیاند،  "من دڵنیاتان دەکەمەوە پڕۆژەکە گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات و، شێوازی خوێندن دەباتە پێشەوە، بەڵام کات و پشوودرێژیی دەوێت و، هاوکاریی هەموو لایەکمانی پێویستە".

د. ئالان حەمە سەعید گوتی، "600 مامۆستای راهێنەر لە وەزارەتی پەروەردە ئامادەکراون و راهێنانیان وەرگرتووە. پێشتر مامۆستایانی گوند، شارەدێ و شارۆچکەکان هەموویان بۆیان رێندەکەوت لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی کۆبکرێنەوە و، ورۆکشۆپ و راهێنانێک وەربگرن، بەڵام ئێستا مامۆستای راهێنەر دەچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندن".

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "مامۆستایانی قوتابخانەکانی گوند، ناحیە و قەزا و پارێزگاکان بە یەک شێواز راهێنان وەردەگرن. پڕۆسەکە بۆ هەموو مامۆستایانە نەک هەندێک مامۆستا لێی سوودمەندبن و هەندێکی دیکەش لێی سوودمەند نەبن".

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، "پڕۆسەکە بێ چاودێریی نییە. تەنها ئەوە نییە مامۆستایان راهێنان وەربگرن داویێ کەس نەزانێت پڕۆژەکە جێبەجێ دەبێت یان نا؛ بەڵکوو لە رێگەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، هەڵسەنگاندن هەیە و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی مامۆستایان دەکرێت لەوەی تا چەند توانیویانە میتۆدەکانی وانەگوتنەوە جێبەجێ بکەن".

هەر لە بارەی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان، د. ئالان حەمە سەعید ئەوەی خستەڕوو، ئەو مامۆستایانەی بەرزترین نمرەی هەڵسەنگاندن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستدەهێنن، بە پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم دیاریدەکرێن، پاداشتێکی ماددی وەردەگرن و لە رێوەڕەسمێکی گەورەدا خەڵات دەکرێن.