عەبدولرەحمان جەزائیری: گرووپەکانی حەشدی شەعبی پابەند نابن بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازی دەڵێت: ئەو کێشە سیاسیانە یاخود ئەو ئاڵۆزیانەی لە نێو حەشدی شەعبی دروستبووە کێشەی ناوخۆیین، هەروەها حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەوان بکات.

لیوا عەبدولرەحمان جەزائیری، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کێشە سیاسیانە یاخود ئەو ئاڵۆزیانەی لە نێو حەشدی شەعبی دروستبووە، ئەوەیە کە ئەمان بۆچوونێکی جیاوازییان لەبارەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز هەیە، کە سەردانی پارێزگای ئەنباری کرد و لەویش سەردانی یەکێک لە شێخەکانی ئەو پارێزگایە کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو رەوشە بکات، چونکە بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە نێو حکومەت دان، کە دەیانویست هاوپەیمانان و ئەمەریکیەکان لە عێراق شوێنەکانی دیکە دەربکەن، هەروەها من پێم وایە سوودانی بۆچونێکی هەیە کە ئەو گرووپانەی کە بە مووشەک کوردستان و بنکەکانی هاوپەیمانان بە ئامانج دەگرن قبوڵکراو نین لەلایەن ئەمەریکاوە.

جەزائیری گوتیشی: سوودانی ئەمەی ناوێت دەیەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات، وە حەشدی شەعبی و مقاوەمەی ئیسلامی بەهۆ کیشەکانەوە چالاکییەکانییان راگرتووە، هەروەها سوودانی کۆبوونەوەی لە گەڵ حەشدی شەعبی و مقاوەمەی ئیسلامی کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەست هەبێت، چیتر دەستدرێژی نەکرێت، تاوەکو تێگەیشتنێک هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراقی و لایەنی ئەمەریکی.

جەزائیری باسی لەوەشکرد، ئەوە رەتناکەینەوە کە لایەن و گرووپی چەکدار هەن لەژێر ناونیشانی حەشدی شەعبی دان و ئاڵۆزیان لە نێواندا هەیە، ئەوان دوورن لە بڕیارەکانی حکومەتی عێراقیەوە، هەروەها هیچ پابەند نابن بە بڕیارەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئەوان سەرکردەی جیاوازن کێشە و ململانێی ناوخۆیان هەیە، هەرکەسەو بۆ خۆی بڕیار دەدات.