ئاماده‌كاری بۆ كه‌مپینی نه‌ورۆزی مه‌شخه‌ڵانی رزگاری ده‌كرێت

K24- هه‌ولێر:

كۆمه‌ڵێك چالاكوان و رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاماده‌كاری بۆ كه‌مپینی (نه‌ورۆزی مه‌شخه‌ڵانی رزگاری) ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخه‌رانی كه‌مپینه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك چالاكوانی كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان خه‌ریكن ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی كه‌مپینی نه‌ورۆزی مه‌شخه‌ڵانی رزگاری ده‌كه‌ن.

ئاماده‌كارانی كه‌مپینه‌كه‌ بۆ كوردستان24 روونیانكرده‌وه‌،  دوای تاووتوێكردنی دۆخی كوردستان و كوردانی تاراوگە و بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی كۆمەڵگه‌ی كوردستان و ئەزموونەكانی جه‌ژنی نەورۆز لە ھەموو پارچه‌كانی كوردستان، كۆمەڵێك چالاكوان له‌ ھەرچوار پارچه‌ی كوردستان(باكوور، باشوور، رۆژھەڵات و رۆژاوا)، بڕیاریاندا نەورۆزی ئەمساڵ ھێما یا سیمبۆلێك لەخۆ بگرێت، كە یەكگرتوویی نەتەوەیی بسەلمێنێ.

رێكخه‌ران ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، پێویسته‌ بۆ نەورۆزی ئەمساڵ مه‌شخه‌ڵ بكرێ به‌ ھێما، تاكوو ھەموو تاكێك بتوانێ بە ھەڵگرتنی مەشخەڵێك یەكگرتوویی كورد نیشان بدات، بۆیه‌  كەمپەین بڕیاریدا لەسەر ئەوەی كە نەورۆزی ئەمساڵ، واتا نەورۆزی 2724 وەك نەورۆزی مەشخەڵانی رزگاری ناودێر بكات.

رێكخه‌رانی كه‌مینه‌كه‌ ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، لە ھەنگاوی دووھەمدا، ئەندامانی كەمپین بڕیاریاندا لەگەڵ ھەموو پارت و رێكخراوەكانی سیاسی و مەدەنییه‌كانی ھەموو بەشەكانی كوردستان و تاراوگە  (بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی له‌و كەمپینه‌) په‌یوه‌ندی بكه‌ن.