سەرهەنگ موحسین تووشی پێكانێكی قورس بوو

سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەجەف
سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەجەف

سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەجەف تووشی پێكانێكی قورس هاتووە و پێشبینی دەكرێت بۆ ماوەیەكی درێژ لە یاریگەكان داببڕێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، (6ـی ئاداری 2024) لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە یاریگەی شەعب لە بەغدا یانەی نەجەف بووە میوانی یانەی تەڵەبە، لەو یارییە دوای ئەوەی سەرهەنگ موحسین بەهۆی پێكانەوە یاریگەی جێهێشت، یانەكەی 2 گۆڵی لێكرا و تووشی شكست بوو.
لە نیوەی یەكەمی یارییەكەی نەجەف بەرامبەر تەڵەبە، سەرهەنگ موحسین بەرپەچی چەندان هێرشی مەترسیداری دایەوە و تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی هێشتەوە، هەرچەندە 6 خولەكی كۆتایی نیوەی یەكەمی بە پێكانەوە تەواو كرد، بەڵام بۆ نیوەی دووەم بەهۆی پێكانەوە نەیتوانی بێتەوە نێو یاریگە، ئەمەش ئەركی یانەی تەڵەبەی ئاسان كرد و دوو گۆڵیان تۆمار كرد و یارییەكەیان بردەوە.
سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەجەف لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، رایگەیاند لە بەشی دواوەی ڕانی راستی تووشی پێكانێكی قورس بووە، دەشڵێت: سبەی كاتژمێر 10:00ـی بەیانی پشكنینی وردم بۆ دەكرێت و جۆری پێكانەكە و ماوەی دووركەوتنەوەم دیاریی دەكرێت.
سەرهەنگ موحسین ئێستا لە رێگایە بەرەو گەڕانەوەی بۆ نەجەف و چارەسەری سەرەتایی بۆ كراوە، بەشێوەیەكی كاتی و لەژێر كاریگەری بەفر ئازارەكەی كەمكراوەتەوە.
سەرهەنگ موحسین ئەم وەرزە لە یانەی ئەمانەی بەغداوە پەیوەندی بە یانەی نەجەف كردووە، ئەم وەرزە لە كۆی 14 یاری 6 كلین شیتی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كردووە.

سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی نەجەف
سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی نەجەف