وەرزی چاندنی گوڵ و دار دەستیپێکردووە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار وەرزی چاندنی گوڵ و دار دەستیپێکردووە، بۆیە بازاڕی نەمامگەکان جوڵەیان تێکەوتووە، لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر خولیای چاندنی گوڵ و دار دەکەن و هەر کەس لەماڵەوە باخچەیەکی هەیە کەساڵانە گوڵی جۆراوجۆری لێ دەچێنێت،کەسانی شارەزا لەکاری باغەوانی دەڵێن: باشترین وەرز بۆ چاندنی گوڵ و دار وەرزی بەهارە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار بازاڕی گوڵ و نەمام جوڵەی تێدەکەوێت،گرنگیدانی هاووڵاتییان بە ژینگە و سەوزکردنی باخچەکانیان وایکردووە نەمامگەکان زیاتر پڕ فرۆشبن، بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ زیادکردنی سەوزای و بەخشینی سیمایەکی جوان، بەشێکیشیان بۆ زیادکردنی ئۆکسجین و تەندروسیتیان گوڵ و درەخت دەچێنن.

باخەوانێک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 15ـی شوبات تا دەگاتە مانگی چوار وەرزی گوڵ چاندنە، بەڵام هەر کە گەیشتە مانگی شەش و حەوت دەبێت لە چاندنی گوڵ بوەستین چونکە بەهۆی گەرماوە هەمووی دەسووتێنن.