ترەمپ: پوتن لاوازی بایدن دەقۆزێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا دەتوانێت لاوازی سەرۆکی دەوڵەتی ئێستا جۆو بایدن ببینێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە،10ـی ئاداری 2024، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە لایەنگرانی راگەیاند، دەمەوێت پێتان بڵێم، ئەگەر سەرۆکێکی بەتوانای راستەقینەی وەک من هەبوایە، ئێستا ئێمە لە ئاسایشی تەواودا دەژیاین. وەک دەزانن لە ئێستادا پوتن باسی چەکی ئەتۆمی دەکات، دەزانن بۆچی؟ چونکە دەزانێت سەرۆکی ئەمریکا گەمژەیە.

پێشتر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک رووسیا رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە لەگەڵ هەر سەرۆکێکی ئەمەریکا کاربکات، کە لەلایەن خەڵکی ئەمەریکاوە هەڵیبژێردرێت، بەڵام جۆو بایدن باشترینە بۆ رووسیا چونکە "کەسێکی بەئەزموونتر و پێشبینیکراوترە، و ئەو پیرێکی سیاسەتمەداری مۆدێرنە". 

لای خۆیەوە، ترەمپ ئەو قسانەی بە دەستخۆشی بۆ خۆی زانی و روونی کردەوە کە لە سەردەمی ئیدارەی لاوازی بایدندا "رووسیا ئۆکرانیا بەدەست دەهێنێت" ترەمپ لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ پوتن "کارێکی باشی کردووە".

ترەمپ هەروەها گوتیشی: "ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە کاتی جێبەجێکردنی کارە سیاسییەکانیدا لاوازی دەوڵەتەکەی جۆو بایدن ببینێت".

بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت. لە 25ـی نیسانی 2023 بایدن رایگەیاند کە هەوڵی سەرکەوتنی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دەدات. ترەمپ سەرۆکی پێش خۆی رایگەیاندبوو کە لە تشرینی دووەمی 2022دا دەچێتە ناو کێبڕکێکانەوە و بە زۆرترین ئەگەری بەدەستهێنانی کاندیدکردنی پارتی کۆمارییەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەدا خۆی کاندید بکات.