موسڵمانانی جیهان ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان دەکەن

مانگی رەمەزان
مانگی رەمەزان

K24 - هەولێر

مانگی "پیرۆز"ـی رەمەزان نزیکبووەتەوە و موسڵمانان ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لەم مانگە دەکەن. لە پاکستانی زۆرینە موسڵماننشین لە مزگەوت و شوێنە گشتییەکان هاووڵاتییان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن و کڕینی پێداویستی و خواردنن بۆ مانگی "پیرۆز"ـی رەمەزان.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی "پیرۆز"ـی رەمەزان، لە تەواوی وڵات و کۆمەڵگە موسڵماننشینەکان، ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لەو مانگە "پیرۆز و پڕ لە بەرەکەتەدا" دەکرێت. بەلای موسڵمانانەوە، رەمەزان مانگی خۆپاککردنەوە و گەڕانەوەیە بۆ لای "خودای گەورە".

مەحبوب شەهزاد، پێشنوێژ و گوتارخوێن دەڵێت، "رۆژوو پێش هەموو شتێک، فێری تەقوامان دەکات. تەقوا بە مانای، لێبووردەیی، ترس و خۆبەدوورگرتنە لەو کارانەی خودا حەرامی کردوون. ئامانجی رۆژووگرتن تەنیا خۆبرسیکردن نییە. رۆژوو واتە دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرە گوناهێک، گەورە بێت یان بچووک."

موسڵمانانی شاری کاراچی لە پاکستان، روویان لە بازاڕەکان کردووە بۆ کڕینی خواردنەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان. قەسپ و خورما، هێمای تایبەتی خواردنی مانگی رەمەزانە.

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی "پیرۆز"ـی رەمەزان، گرانی نرخەکان و خراپی دۆخی هاووڵاتییان، بەشێک لە پاکستانییەکانی نیگەران کردووە.

زەینەب بیبی، هاووڵاتی دەڵێت، "پێشتر لە سەرەتای مانگدا، دەمانتوانی پێداویستییەکانی رەمەزان بکڕین، بەڵام ئێستا دەبێت زوو پاشەکەوت بکەین بۆ کڕینی پێداویستییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، بەسەختی دەتوانین کەمێک شت بکڕین. من وەک کارگوزار لە ماڵان کاردەکەم."

شاری کاراچی گەورەترین شاری پاکستانە و 12مین گەورەترین شارە لەسەر ئاستی جیهان. ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 20 ملیۆن کەسە. لەو ژمارەیە، لەسەدا 96ـی موسڵمانن.