سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیەند، ، سێ ئەندامی هێزەکانی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی چەند مینێکی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران، چەند مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (10ی ئاداری 2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونایدا، گوتەبێژی فەرماندەی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مین، سێ پاسەوانی فەرماندەییەکەمان گیانیان لەدەستدا. گوتیشی، "هیچ مەترسییەک و کارێکی دەرەکی نەبووە بۆ سەر فەرماندەییەکەمان، تەنیا بۆمبێک بووە لە کەتیبەی فەرماندەییەکەمان تەقیوەتەوە".

بەگوتەی سامی ئیسماعیل: "ئێستا تەرمی ئەو سێ سەربازە لە پزیشکی دادوەری هەولێرە و دوای پشکنین تەرمەکانیان بەڕێوڕەسمی سەربازی دەبرینە فەرماندەی بارەگای سنوور دواتر بە خاکیان دەسپێرین. دەشڵێت، "سەرەتا دوو سەرباز گیانی لەدەستدا، یەکێکیان بریندار بوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی ئەو بریندارەش گیانی لەدەستدا."

روونیشیکردووە، سێ ئەندامی هێزەکانی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی چەند مینێکی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران، چەند مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە.

رووداوی تەقینەوەی مینەکان لە نێو بارەگای فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە هەولێر بووەو ئەو مینانەی تەقیونەتەوە پێشتر لە کێڵگە مینەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دوای پاککردنەوەی کێڵگەکان کۆکراونەتەوە و بۆ ئەوەی پووچەڵبکرێنەوە هێنراونەتەوە بارەگای سەرەکی فەرماندەییەکە بۆ ئەوەی دواتر لەناوببرێن.