فڕێدانی سەبەتەی خۆراک منداڵانی غەززە تێرناکات

فڕێدانی سەبەتەی خۆراک بەسەر خەڵکی غەززە
فڕێدانی سەبەتەی خۆراک بەسەر خەڵکی غەززە

K24 - هەولێر

دەستکەوتنی خۆراک لە غەززە، خەریکە دەبێتە مەحاڵ، ڕاکەڕاک بەدوای پاروویەک نان هێزی تێدا نەهێشتوون، کەچی ئەو بڕە کەمە خۆراکەش کە دوای چەندین ململانێ و نۆرەگرتنی چەندین کاتژمێری دەستیان دەکەوێت، تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون.

هێشتا مانگی رەمەزان نەهاتووە، بەڵام خەڵکی غەززە چەندین مانگە بەڕۆژوون، رۆژوویەکی ناچاری و دەرئەنجامی شەڕێکی ماڵوێرانکەر.

دوێنێ مردن بە موشەک و بۆمباران و ئەمڕۆ بە برسێتی.. ئەو تورەکە و سەبەتە خۆراکانەی فڕۆکەکان لە بەرزایی ئاسمان بەسەر خەڵکی غەززەدا فڕێیاندەدەنە خوارەوە بەشی تێربوون ناکەن و جار جار فڕێدانی هاوکارییەکان قوربانی لێدەکەوێتەوە.

دەستکەوتنی خۆراک لەم شارە، خەریکە دەبێتە مەحاڵ، ڕاکەڕاک بەدوای پاروویەک نان هێزی تێدا نەهێشتوون، کەچی ئەو بڕە کەمە خۆراکەش کە دوای چەندین ململانێ و نۆرەگرتنی چەندین کاتژمێری دەستیان دەکەوێت، تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون.

برسێتی هەموو ئازارەکانی دیکەی لەبیر بردوونەتەوە، بەوپەڕی بێ توانا و بێ دەسەڵاتییەوە لە مەرگی کۆرپەکانییان رادەمێنن.

بەڕاک ئەبهار، دانیشتووی غەززە دەڵێت، "کچەکەم لەکاتی جەنگدا لەدایک بووە. بارودۆخەکە هێندە سەختە زۆر بە ئەستەم کەمێک خواردنمان دەست ئەکەوێت. شیرم دەستناکەوێت و هەردوو منداڵەکەم هەمیشە داوای شیر و خواردنم لێ دەکەن، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین."

رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە بەدەست برسێتی و نەبوونی خۆراک و ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن.

نەسرین یوسف، دانیشتووی غەززە، ئاماژە بەوە دەدات، "بەزەحمەت دەتوانین ئاو و نانمان دەست بکەوێت، باشە ئەی لە رەمەزاندا چیبکەین؟! لە کەمپەکاندا منداڵی نەخۆشمان هەیە کە پێویستیان بە خۆراک هەیە، منداڵەکانمان خەریکە هەموو تیادەچن، سوێند دەخۆم، پێنج مانگە یەک هێلکە و تۆسقاڵی گۆشتمان نەبینیووە".

دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززەش ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 25 منداڵ دەکەن بەهۆی برسێتییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە روودانی کارەساتی مرۆیی گەورەتر دەدات.