سەدا 60ـی ئێرانییەکان توانای کڕینی خانوویان نییە

هاووڵاتییانی ئێران
هاووڵاتییانی ئێران

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی گەشەپێدانی خانووبەرەی ئێران ئاشکرایکرد، زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران، کە زیاتر لە 50 ملیۆن کەس دەگرێتەوە، توانای کڕینی خانوویان نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی ئاداری 2024) جێگری سەرۆکی گەشەپێدانی خانووبەرەی ئێران بە رۆژنامەی قودسی وڵاتەکەی راگەیاندووە، زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران، کە زیاتر لە 50 ملیۆن کەس دەگرێتەوە، توانای کڕینی خانوویان نییە، تەنانەت بەشێک لە دانیشتووانی شوقەکان توانای ئەوەیان نییە پارەی خزمەتگوزاری و تێچوونی مانگانە بدەن.

ئاماژە بەوەش دەکات، 60%ـی ئێرانییەکان توانای کڕینی خانوویان نییە، هەروەها راپرسییەکان دەریدەخەن گرنگترین بەش لە خەرجییەکانی خێزانەکان بۆ دابینکردنی خانووبەرەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، ئەگەر توانای کڕینی خانوویشیان هەبێت، توانای ئەوەیان نییە تێچووەکانی رۆژانە و پێداویستییەکانی بدەن،

لەماوەکانی رابردوودا، نوێنەری ئەنجوومەنە کرێکارییەکان لە ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران رایگەیاندبوو، لە 30%ـی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەیان نییە.