مایڵز کاگینز: عێراق هۆکاری وەستانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، رایدەگەیەنێت؛ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی تەواو سیاسییە. هاوکات گوتیشی: ئێران بۆشایی نەوتی هەرێمی کوردستانی پڕکردووەتەوە.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، خەریکە ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، عێراق لە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە.

گوتەبێژی ئەپیکۆر، راشیگەیاند، حکومەتی عێراق هۆکارە لە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، هەمیشە لە راگەیاندنەکانیان زانیاری هەڵە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بڵاودەکەنەوە.

مایڵز کاگینز، ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت کێشەیەکی تەواو سیاسییە،  هەروها هیچ رێککەوتنێکی نوێ بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نییە.

گوتەبێژی ئەپیکۆر، دەڵێت: لە ئێستادا لە ئێران وەبەرهێنانی نەوت بەرزتر بووەتەوە بۆ دوو ملیار بەرمیلی رۆژانە، هەروەها ئێران بۆشایی نەوتی هەرێمی کوردستانی پڕکردووەتەوە.

مایڵز کاگینز، باسی لەوەکرد، ئەپیکۆر هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دووبارە دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوشارەکانمان بۆ سەر واشنتن زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش گوشار لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە، به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.

هەروەها رۆژی سێشەممە، (30ـی 1ـی2024)، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد حکومەتی عێراق قایلبکات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.

ئەپیکور لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەش کردبوو، وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ کێشەی پێنەدانی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستان، رەوشی دارایی هەرێمەکەی رووبەڕووی مەترسیی کردووەتەوە.