ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری رووداوی ئاگرەکەی ناوچه‌ی پیشه‌سازی باكووری هەولێری دەستگیرکرد
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی باكووری ده‌ستگیر كرد و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه.
لە کاتژمێر 06:57 خوولەکی بەیانیی رۆژی شەممە (9ـی ئاداری 2024)، ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر، لە نزیک شەقامی 120 مەتری کەوتووەتەوە.
ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە: لە (9ـی ئاداری 2024) ئاگرێک کەوتەوە لە کۆگای کۆمپانیای (دیکۆراس) لەناوچەی پیشەسازی باکوری شاری هەولێر، بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و سووتانی تەواوی کۆگاکە، دوای رووداوەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کراو لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت هۆکاری سووتانی ئەم کۆگایە شۆرتی کارەبا نەبووە، بەڵکو بە مەبەست کەسێک ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە: "دوای بەدواداچوونی ورد و زیاتری تیمەکانمان توانیمان ناسنامەی ئەوکەسە ئاشکرا بکەین کە هەڵساوە بە سووتاندنی ئەم کۆگایە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (ف، ح، ع)ـمان دەستگیر کرد، تۆمەتباری ناوهاتوو لە لێکۆڵێنەوەکان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
له‌كاتێكیشدا زیانه‌كانی ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه به زیاتر له 10 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت، ئه‌و تۆمه‌تباره كه كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نه و خه‌ڵكی مووسڵه، له دانپێدانانه‌كانیدا رایگه‌یاندووه، له‌ڕێگه‌ی مادده‌ی ته‌نه‌ره‌وه كۆگاكه‌ی سووتاندووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، پێشتر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی ئه‌و كۆگایه هه‌بووه.
دوای رووداوەکەش، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی ئاگرەکە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە رووداوەکە، گەورە و زۆر مەترسیدار بوو. تیمەکانمان بەسەر 16 تیمدا دابەشکرد و توانیمان لە ماوەی سێ کاتژمێردا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".