پەرلەمانتارێکی رووسیا: لەلایەن سوپای رووسیاوە چەند سەربازێکی ئەمەریکی کوژران

سەربازی ئەمەریکی
سەربازی ئەمەریکی

K24 – هەولێر

پەرلەمانتارێکی دۆمای رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی لەناوبردنی دوو سیستەمی پاتریۆت لەلایەن هێزەکانی رووسیا، چەند سەربازێکی ئەمەریکی کوژران.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، میخائیل شێریمێت، ئەندامێکی دۆمای رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی لەناوبردنی دوو سیستەمی پاتریۆت لەلایەن هێزەکانی رووسیا لە دۆنێتسک، ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی لەناویاندا بوون کوژراون.

بەگوتەی شێریمێت: "ئەگەری ئەوە هەیە سەربازانی ئەمەریکی لە کاتی لەناوبردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتدا کوژرابن".

جەختیشی لەوەکردەوە، سەرەڕای بێدەنگیی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردایەتیی پنتاگۆن لەم راستیە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی "پاتریۆت" نەک تەنیا لە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان پێکدێت، بەڵکو لە رادارێکی فرەکاریش پێکدێت و بەکارهێنانی زۆر قورسە، بۆیە ئەمەریکا پسپۆڕانی سەربازی بە نهێنی رەوانەی ئۆکرانیا کردووە بۆ بەڕێوەبردنی.

شێریمێت ئاماژەی بەوەدا، خوێنی کارمەندانی سەربازی ئەمەریکی لەسەر ملی "بایدن ستەمکار و دەستدرێژکار" دەبێت.

سەرچاوەیەکی فەرمی رووسیاش رایگەیاند، سیستەمی مووشەکی "ئەسکەندەر"ـی رووسی دوو سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمەریکی لە شارۆچکەی پۆکرۆڤسکی لە کۆماری گەلی دۆنێتسک لەناوبردووە.

دواتر دەزگای "یونیان"ی ئۆکراینی لای خۆیەوە، دانی بەوەدانا کە سوپای رووسیا سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی "پاتریۆت"ی ئەمەریکی لەناوبردووە.