بایدن بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزان: هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەدەم

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: JIM WATSON / AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: JIM WATSON / AFP)

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا لە پیرۆزبایی مانگی رەمەزاندا بەڵێن دەدات هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێتە غەززە و هەوڵی ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی بدات.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەبۆنەی هاتنەوەی "مانگی رەمەزانی پیرۆز" پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەم مانگە پیرۆزەدا دڵمان لای غەززەیە کە 30 هەزار کەسی تێدا کوژراوە و دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون".

سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێن دەدات، هاوکاری گرنگی مرۆیی بگەیەنێتە غەززە و کاربکات بۆ راگرتنی شەڕ لە نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی شەش هەفتە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە، "رووبەڕووی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا دەبینەوە و رێگری لێدەکەین، چونکە موسوڵمانەکان کەسانێکی بەهاداران لە ئەمەریکا".

بایدن لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوادەخوازێت موسوڵمانانی جیهان رەمەزانێکی سەلامەت و پڕ بەرەکەت بەسەرببەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانە ئەمەریکا بە ملیاران دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات. دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەش، بڕی ئەو هاوکارییە سەربازییانە زیادیان کردووە. لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکاش داوای راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئیسرائیل دەکرێت.

رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1100 هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی کوشت. هاوکات 250 کەسی لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل بە بارمتە گرت، ئیسرائیل لەو باوەڕەدایە کە 99یان هێشتا لە غەززەن و زیندوون.

زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و ئیسرائیل بەبێ دەستپاراستن لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە دەکات. لە ئەنجامی جەنگەکەدا، 30 هەزار و 800 کەس لە غەززە کوژراون، ئیسرائیلیش کوژرانی هەزار و 160 کەسی بە فەرمی راگەیاندووە.