رووسیا وەڵامی پۆڵەندا دەداتەوە لەسەر بوونی سەربازانی ناتۆ لە ئۆکرانیا

ماریا زاخارۆفا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
ماریا زاخارۆفا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وەڵامی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەداتەوە کە گوتبووی سەربازانی ناتۆ لە ئۆکرانیان.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی لێدوانەکەی ڕادۆسلاڤ سیکۆرسکی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا سەبارەت بە بوونی سەربازانی وڵاتانی ناتۆ لە ئۆکرانیا گوتی: "ئیتر ناتوانن پەردەپۆشی بکەن".

رۆژی یەکشەممە ڕادۆسلاڤ سیکۆرسکی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاندبوو، چەند وڵاتێکی ناتۆ هێزی سەربازی خۆیان رەوانەی ئۆکرانیا کردووە، هەروەها چۆنیەتی کارکردنی ئەو سەربازانە و ژمارەیان و لە کام وڵاتەوە هاتوون روونی نەکردەوە.

لای خۆیەوە ڤلادیسلاڤ کۆسنیاک کامیش، وەزیری بەرگری پۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازی ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا نییە.

ئاماژەی بەەشکرد، "هاوکاریان دەکەین و پشتگیریان دەبین، هەروەها چەک دەگوازینەوە، ئەمە لە راستیدا زۆرە. ئێمە پشتگیری هەموو دەستپێشخەرییەکان دەکەین کە خزمەت بە ئاسایشی پۆڵەندا دەکەن".