وەزارەتی دارایی عێراق 130 ملیار دیناری بۆ بەشێکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

وەزیری دارایی عێراق فەرمانیکرد بە زیادکردنی 130 ملیار دینار "بە شێوەی قەرز" بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دوو نووسراوی جیاوازدا کە بۆ یەکەی سیستەمی پارەدانی وەزارەتەکەی ناردووە، فەرمانیکردووە بە زیادکردنی زیاتر لە 130 ملیار دینار بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خانەنشینان و ئەوانەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە.

لە نووسراوی یەکەمدا، وەزیری دارایی عێراق داوای زیادکردنی 10 ملیار و 997 ملیۆن و 100 هەزار دیناری "بە شێوەی قەرز" بۆ سەر هەژماری بانکیی بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان.

لە نووسراوی دووەمیشیدا، وەزیری دارایی عێراق داوای زیادکردنی 119 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار و 614 دینار "بە شێوەی قەرز" بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری دارایی عێراق لە هەردوو نووسراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، بۆ مووچەی مانگی ئادار، ئەگەر هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک ناخەنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لیستی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا لە ژێر وردبینی دایە و بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچە بە گشتی نەدراوە". 

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستنەسەری ئەو بڕە پارەیە بۆ سەر هەژمارەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق پشتڕاستنەکردووەتەوە.