مەحمود عگێلی: کوتلە سیاسییەکانی عێراق پارێزگاری لە گەندەڵکاران دەکەن

" 30 ملیاردێر لە عێراق هەیە، کە ئەو ژمارە زۆرە لە خۆشترین وڵاتی جیهان نییە"
مەحمود عگێلی
مەحمود عگێلی

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە رایگەیاند. لە عێراق کیشەیەکی گەورە هەیە بەناوی گەندەڵی کە پرۆگرام کراوە و لایەنە سیاسییەکان ناتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، هەروەها گەندەڵکاران لەلایەن کوتلە سیاسییەکان پارێزگارییان لێدەکرێت.

مەحمود عگێلی، ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە عێراق کیشەیەکی گەورە هەیە بەناوی گەندەڵی کە پرۆگرام کراوە و لایەنە سیاسییەکان ناتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە ویستی خۆیان یاری بە خەڵک و داهاتی خەڵک بکەن.

گوتیشی: بەبڕوای من ئەو کێشەیە لەکاتی گەماڕۆی سەر عێراق لەساڵی 1991ەوە سەری هەڵداوە، دەشڵێت: لە دوای ساڵی 2003، و هاتنی لایەنە سیاسییەکان لەحکومەتە یەک لەدوای یەکەکان پارە بەهەدەر دراوە، کە بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەبەردەستمان دایە، زیاتر لە 30 ملیاردێر لە عێراق هەیە، کە لە خۆشترین وڵات ئەو ژمارە ملیاردێرە نییە، بۆیە هەموو کوتلە سیاسییەکان بەشێوەیەکی گشتی و پلان بۆ دارێژراو داهاتی خەڵکیان دزیووە، لەبەر ئەوەی ئێستا دزییەکی زۆر هەیە خەڵک رووبەڕووی هەژاری بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری هەژاری و گەندەڵی ئەوانەن کە پشتی گەندەڵکارانیان گرتووە، هەروەها لەبەرامبەر رایی کردنی هەندێک دۆسیە نیوەی ئەو داهاتەیان بردووە، بۆیە دۆسیەکی گەندەڵی لەسەر کەسێک هەبوو لە ئەنبار کە ماوەی 20 ساڵ بەرێوەبەری خانەنشین بووە و دەستگیرکراوە بەتۆمەتی گەندەڵی بە گوژمەی پێنج ملیۆن دۆلار.

عگێلی جەختیشکردەوە، کێشەگەورەکەی ئێمە ئەوەیە کە کوتلە سیاسییەکان پارێزگاری لەو گەندەڵکارانە دەکەن، چونکە هەر ئەو کوتلە سیاسییانە سوود لەو گەندەڵکارانە وەردەگرن. هەروەها پارەیان بۆ کەناڵ و کارمەندەکانییان لێ وەردەگرن.

عگێلی باسی لەوەشکرد، لەبارەی دزی سەدە، کوا ئەنجامەکانی ئەو دۆسیە گەورەیە، کوا هەیسەم جبووری، هەموو ئەو دزو گەندەڵکارانە لەلایەن کوتلە سیاسییەکان پارێزگارییان لیدەکرێت، بۆیە ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز نەبێت، ناتوانرێت ئەو کێشەیە بنبڕ بکرێت.