سەرکردەیەکی رێکخراوی قاعیدە گیانی لەدەستدا

خالید باتەرفی، وێنە (AP)
خالید باتەرفی، وێنە (AP)

K24 - هەولێر

رێکخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، کۆچی دوایی خالید باتەرفی سەرکردەی رێکخراوەکەی راگەیاند بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

 قاعیدە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تیایدا باتەرفی لە کفنێکدا پێچراوەتەوە و ئاڵای ڕەش و سپی قاعیدەی لەسەرە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی رانەگەیاندووە، روخساریش هیچ نیشانەیەکی شپرزەیی پێوەنەبووە.

سەنتەری "سایت" کە چاودێری میدیا جیهادییەکان دەکات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەکدارەکان لە گرتە ڤیدییەکەدا دەڵێن: "خوای گەورە رۆحی بردەوە لەکاتێکدا حسابی پاداشتەکەی دەکرد و لەپێناو ئەو کۆچی کرد و جیهادیکرد".

ئەمەریکا پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک دانابوو کە زانیاری لەسەر باتەرفی، سەرۆکی مەترسیدارترین لقی رێکخراوی قاعیدە ئاشکرا بکات، کە ئەو رێکخراوە تا ئێستاش چالاکە.

 رێکخراوەکە لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەعد بن عاتف ئەلعولقی شوێنی باتەرفی دەگرێتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خەڵاتی شەش ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی ئەلعولقی داناوە، چونکە "بە ئاشکرا داوای هێرشکردنە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات".

 واشنتن رێکخراوی قاعیدە لقی نیمچە دوورگەی عەرەبی بە مەترسیدارترین لقی رێکخراوەکە دەزانێت لە دوای هەوڵی تەقاندنەوەی فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ئەمەریکا لە ساڵی 2009.

 لقەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ساڵی 2015ـی سەر هەفتەنامەی فەرەنسی شارلی ئیبدۆ لە پاریس گرتە ئەستۆ.

 بەپێی خەملاندنێک کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کۆی ژمارەی چەکدارانی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی لە نێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار چەکدار دایە.

 باتەرفی لە شوباتی 2020 پۆستی سەرۆکی لقەکەی وەرگرتووە، و دوای قاسم ئەلریمی کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا کوژرا.

 قاسم ئەلریمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکدا راگەیاند کە لە ساڵی 2019دا بنکەیەکی ئاسمانی دەریایی ئەمەریکای لە پێنساکۆلا کردە ئامانج، کە تیایدا فێرخوازێکی سعوودی سێ دەریاوانی ئەمەریکی کوشت.

 باتەرفی لە سعودیە لەدایک بووە، لە ساڵی 1999 سەردانی ئەفغانستانی کردووە و لە کاتی هێرشەکەی ئەمەریکادا شانبەشانی تاڵیبان شەڕی کردووە.

 بەگوێرەی سەرچاوە ئەمەریکییەکان، لە ساڵی 2010 پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کردووە، هەروەها سەرکردایەتی چەکدارەکانی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئەبین لە یەمەن.