لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا

تیمەکانی فریاکەوتن لە شاخی ئاسن کوڵێن لە پێنجوێن
تیمەکانی فریاکەوتن لە شاخی ئاسن کوڵێن لە پێنجوێن

K24 - هەولێر:

لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە شاخی ئاسن کوڵێن لە قەزای پێنجوێن، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

بەگوێرەی زانیاریی تیمەکانی فریاکەوتنی پێنجوێن، نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (11ـی ئاداری 2024) بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە شاخی ئاسن کوڵێن لە قەزای پێنجوێن، هاووڵاتییەک لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کرا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری.

ئەمەش دووەم رووداوی تەقینەوەی مینە لە ماوەی دوو رۆژدا، کاتێک رۆژی (10ی ئاداری 2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونایدا، سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی فەرماندەی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مین، سێ پاسەوانی فەرماندەییەکەمان گیانیان لەدەستدا کە دوای پاککردنەوەی کێڵگەکان کۆکرابوونەوە، بۆ ئەوەی پووچەڵبکرێنەوە هێندرابوونە بارەگای سەرەکی فەرماندەییەکە بۆ ئەوەی دواتر لەناوببرێن.

رۆژی (6ـی شوباتی 2024) نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی مین لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکری 750 ملیۆن دیناری ساڵانە بۆ بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی تیمەکان بۆ کێڵگەکانی مین و 761 گرێبەستی کارمەندانی کێڵگەیی و مین هەڵگرەوەی نوێ کردووەتەوە، بۆیە ساڵی 2024 هەڵمەتێکی گەورە لەو بوارە بەڕێوەدەبەن.

هەروەها روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، سێ ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژە بەردەوامەکانی سلێمانی تەرخانکردووە کە ئەمساڵ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاشکراشیکرد، 35 تیم کاردەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش لە پرۆسەی راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی تیمەکاندان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.

ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو (2022 و 2023)، کۆی گشتی رووبەری زه‌وی پاككراوە له‌ مین گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دووجا کە کە 49 کێڵگە و پێنج شەڕگە پێکهاتووە.

0