درۆنێکی نەناسراو لە باکووری ئوردن تەقییەوە

K24 – هەولێر

لە پارێزگای ئیربدی باکووری شانشینی ئوردن و نزیک سنووری سووریا، دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چەند پارچەیەکی درۆنێکی تەقیویان دۆزیوەتەوە، بەڵام سەرچاوەو شوێنی هەڵدانی درۆنەکە هێشتا نەزانراوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئوردن رایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ئیربد لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز ئاگادارکراونەتەوە، تیمێکی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی سەر بە سوپا و هێزێکی سەر بە ئاسایشی گشتی ئوردن کێوماڵی شوێنەکەیان کردووە و چەند پارچەیەکی درۆنیان دۆزیوەتەوە.

گوتەبێژەکەی ئاسایشی گشتی ئوردن راشیگەیاندووە، شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە ناوچەیەکی چۆلەوانییە، هەرچەندە تەقینەوەکە هیچ زیانێکی نەبووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە سەرچاوەی هەڵدانی درۆنە دەستپێکردووە و بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنەی درۆنەکەی هەڵداوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە دووەمین هێرشی درۆنییە دەکرێتە سەر خاکی شانشینی ئوردن، یەکەم هێرش لە (28ی کانوونی دووەمی 2024) لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمەی عێراقی ناساندووە کرایە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە تاوەر 22، بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیانی دیکەی برینداربوون.