رێژه‌ی خۆكوشتن له عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە
K24 - هەولێر
رێژه‌ی خۆكوشتن له سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ده‌سه‌ڵاتدارنی ئه‌منی و ته‌ندروستیش هۆكارەکەی بۆ خراپی دۆخی ئابووری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
تا دێت رێژه‌ی خۆكوشتن له سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق روو له زیادبوونه و وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرترینیان له توێژی گه‌نجانن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و دیارده‌یه له‌ناو ته‌واوی توێژه جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته بووه‌ته شێكی باو. ئاماره‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه گه‌وره‌ترین تێكڕای خۆكوشتن به‌ر شاری به‌غدا ده‌كه‌وێت.
ده‌سه‌ڵاتدارنی ئه‌منی و ته‌ندروستی عێراقیش به‌رده‌وام هۆكاری سه‌ره‌كی زیادبوونی رێژەی خۆکوشتن، بۆ خراپی دۆخی ئابووری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، یه‌كێك له فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی خۆكوشتن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌رزی رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكارییه، ئه‌مه‌ش وایكردووه به‌هۆی بێئومێدی توێژی گه‌نجان له حكومه‌ت و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار رێژه‌ی خۆكوشتن له‌ناو ئه‌و توێژه‌دا به‌رزتر بێت.
فازڵ غه‌ڕاوی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ جه‌خت ده‌كاته‌وه، خه‌ریكه تۆماركردنی تێكڕای خۆكوشتن له عێراق ده‌بێته دیارده‌یه‌كی رۆژانه و جگه له‌و حاڵه‌تانه‌ی تۆمارده‌كرێت، زۆرێك له حاڵه‌ته‌كانیش له‌لایه‌ن كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه به نهێنی ده‌هێڵدرێنه‌وه، بۆیه ئاماری راسته‌قینه زۆر له ژماره‌ی راگه‌یه‌ندراو به‌رزتره.
به‌گوته‌ی غه‌ڕاوی هۆكارێكی دیكه‌ی زۆری رێژه‌ی خۆكوشتن له عێراق، بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و توندوتیژی خێزانیه و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداران له‌وباره‌یه‌وه هه‌نگاوی جددی بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، گرنگترینان بریتی بن له:
- رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و توندكردنی رێكاره‌كان بۆ رێگریكردن له مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانی ئه‌و ماددانه.
- ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجان و نزمكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری له رێگه‌ی پڕۆژه‌ی تایبه‌ته‌وه.
- توندكردنی سزاكانی سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی پابه‌ندی یاسا نابن و له توندوتیژی خێزانی به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ده‌ركردنی یاسای توند بۆ ئه‌و كه‌سانه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه سه‌جاد سالم، په‌رله‌مانتاری عێراقی رایگه‌یاندووه، به‌ر له چه‌ند مانگێك حكومه‌ت ستراتیژیه‌تێكی تا ساڵی 2030 بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی خۆكوشتن راگه‌یاندووه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و دیارده‌یه روو له زیادبوونێكی مه‌ترسیداردایه و حكومه‌تیش هیچی نه‌كردووه.
به‌گوته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك له‌وه‌دا نییه، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی خۆكوشتن له‌ناو هاووڵاتیانی عێراقی بخرێته ئه‌ستۆی هێزه سیاسییه خاوه‌ن هه‌ژموونه‌كان، چونكه وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وان رێگرن له‌وه‌ی گۆڕانكاری له وڵات بكرێت و ژیانی هاووڵاتییانی عێراقی به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو بنێت.