ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەشێوەی بەش بەش پێچەوانەی یاسای بودجەیە

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

دوای کات کوشتنێکی زۆر وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لسیت نزیکەی 568 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆران خستە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان. ناردنی پارە بەشێوەی لیست و بەش بەش پێچەوانەی ماددەی 13ی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقە. 

دوای کات کوشتنێکی زۆر بەپاساوی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی نارد، بەڵام بەشێوەیەک سەیر و دوور لە دەقەکانی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، ئەویش ناردنی پارەیە بە شێوەی بەش بەش.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، بە چوار لیست بڕیی نزیکەی 568 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

چوار لیستەکەی عێراق بەم شێوەیەن: خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە. هاوکات حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم نەناردووە.

ناردنی پارە بەم شێوەیە بووەتە مایەی نیگەرانی لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێچەوانەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقە کە بەروونی لە ماددەی 13دا ئاماژەی بەوەداوە، لەدوای رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمەوە بە سۆمۆ، جا ئەو نەوتە بۆ هەناردەکردنی دەرەوەبێت یاخود بەکارهێنانی ناوخۆ، حکومەتی ناوەندی پابەندەکرێت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری پابەندبوونی بەم بەندە، لیستی مووچەشی خستووەتە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق تا ئەو پاساوەشیان نەمێنێت، بەڵام بەغدا بە شێوەی لیست و پچڕپچڕ مووچە دابیندەکات، ئەمەش گومان و دوودڵی سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەکە زیادکردووە.

سپیان شێروانی، پەرلەمانتارانی عێراقیش هۆشداری دەدات لەسەر ئەو هەنگاوە نوێیەی وەزارەتی دارایی و دەڵێت، ئەگەری هەیە بەغدا لە داهاتوودا بە ویستی خۆی مووچەی شوێنێک یاخود وەزارەتێک بدات و یەکێکی دیکە نەدات.